جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران بەڕێز ئارام شێخ موحەممەد پێشوازى لە شاندێکى تایەفەى مەندائى دەکات
ئەمڕۆ جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران بەڕێز ئارام شێخ موحەممەد لەنوسینگەى خۆى پێشوازى لە سەرۆکى تایەفەى مەندائى لەعیراق بەڕێز سەتار جەبار وشاندى یاوەرى کرد ، لەسەرەتاى چاوپێکەوتنەکەدا شاندی میوان بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە سوپاسى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى کرد و پیرۆزبایى وەرگرتنى پۆستى نوێیان لێکرد هەروەها سوپاسى هەرێمى کوردستانیان کرد بۆ ئەو پاڵپشتى و هاوکاریە بەردەوامەى پێشکەشیان دەکات هەروەها ئەندامانى شاندەکە گەشبینن بەم خولە نوێیەى پەرلەمان و یەکخستنى هەوڵى فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان و پەراوێزنەخستنى پێکهاتەو تایەفەکان لە کۆمەڵگە دا .
لاى خۆیەوە شێخ موحەممەد هەمومان دەبێت یارمەتیدەر وهاریکارى سەرجەم تایەفە و نەتەوەکان بین بەتایبەتى مەندائیەکان چونکە رەسەنن و پێکهاتەیەکى دێرین و گرنگى ئەم وڵاتەن ، هەروەها جێگرى سەرۆکى ئەنجومەن زۆر نیگەران بوو لەو کۆمەڵکوژییە و بەئامانجگرتنى تایەفە و پێکهاتەکان ،هەڵبەتە ئەمە پێشێلکارى ئاشکراى مافى مرۆڤە کە تیرۆریستان ئەنجامی دەدەن ، پێویستە مافى سەرجەم پێکهاتە و کەمینەکان بپارێزرێت و هەڵەکانى پێشوو دووبارە نەکرێتەوە و ئاسایش باشتر بێت و بەرەنگارى تیرۆریستان ببینەوە و بارودۆخى سیاسی بۆ پێکەوەژیان بە ئاشتیانە بەرقەرارکەین و حکومەتێکى هاوبەشى نیشتمانى راستى پێکبهێنین تا هەموان هەست بە دڵنیایى بکەین لەحکومەتى ئاییندەدا.
لەچاوپێکەوتنەکەدا بەڕێزان پەرلەمانتار حارس شەنشەل و باڵوێز وەلید شەلتاخ و ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى بەغدا رەعد جەبار ئامادەبوون.
نوسینگەى راگەیاندنى
جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران
دووشەممە 18/8/2014