جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران بەڕێز ئارام شێخ موحەممەد پێشوازى لە باڵوێزى ئەڵمانیا لە بەغدا دەکات

جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران بەڕێز ئارام شێخ موحەممەد لەنوسینگەى خۆى پێشوازى لە باڵوێزى ئەڵمانیا لە بەغدا بەڕێز ئەکهارد برۆزە  کرد ، لەسەرەتاى چاوپێکەوتنەکەدا برۆزە سوپاسى ئەو پێشوازیە گەرمەى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى کرد و باسى هەندێ بابەتى هاوبەشى گرنگ و دوایین پەرەسەندنى بارودۆخ و روداوە ئەمنیەکانى عیراق و سنوورى هەرێمى کوردستانیان تاووتوێکرد .
لاى خۆیەوە شێخ موحەممەد هەڵوێستى حکومەتى ئەڵمانیاى بەرزنرخاند بۆ پاڵپشتیکردنى لةهەرێمى کوردستان و عیراق لە ڕووبەڕووبوونەوەى کۆمەڵە تیرۆریستیەکاندا ، بەڕێزیشى وتى هەرچەندە کردارى تیرۆریستی چەکدارى بوونى هەیە و بارودۆخەکە نالەبارە بەڵام گەلى عیراق بەسەرکەوتوویى هەڵبژاردنەکانى ئەنجامدا ، نوێنەرى خۆى دەستنیشانکرد ، سەرۆکى کۆمارى هەڵبژارد و ئێستاش لەقۆناغى کۆتاییداین بۆ پێکهێنانى حکومەت و دەزگاکانى وڵات ماف و هەلى یەکسان بۆ هەموان دەستەبەر بکرێت .
برۆزە وتى حکومەتى ئەڵمانیا ئامادەیە هاریکارى بەرزبوونەوەى ئاستى سیاسی و ئابوورى عیراق بکات  و بەرەنگارى رێکخراوى تیرۆریستى داعش ببێتەوە و بەرەو وڵاتێکى مەدەنى نوێ پەرەسەندوو بڕوات.
لە کۆتایى چاوپێکەوتنەکەدا هەردوولایەن کۆکبوون لەسەر پتەوکردنى پەیوەندى دوولایەن و بەردەوامبوونى هاوکارى نێوان هەردوو وڵات کەخزمەتى بەرژەوەندى هاوبەشى هەردوو گەلى هاوڕێ بکات.

نوسینگەى راگەیاندنى
جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران
دووشەممە 18/8/2014


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com