به‌ڕێز ئارام شێخ موحەممەد پێشوازی‌ له‌ شاندێکی‌ لیژنەی‌ داکۆکیکار لە مافی‌ ئافرەتان و لیژنەی‌ پێشمەرگە و قوربانیانی‌ جینۆساید لە پەرلەمانی‌ کوردستان كرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13/11/2014 شاندێکی‌ لیژنەی‌ داکۆکیکار لە مافی‌ ئافرەتان و لیژنەی‌ پێشمەرگە و قوربانیانی‌ جینۆساید لە پەرلەمانی‌ کوردستان و نوێنەرانی‌ کورد لەلیژنەی‌ ئافرەتانی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق سەردانی‌ جێگری‌ سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران بەڕێز ئارام شێخ موحەممەدیان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەی‌ ئافرەتانی‌ ئێزیدی‌ بەگشتی‌ و شەنگال بەتایبەتی‌ و ئەو دۆخە خراپەی‌ ئافرەتانی‌ زیندانی‌ ژێردەستی‌ داعش لەناوچە داگیرکراوەکان تێیدا دەژین کەژمارەیان بەپێی‌ ئاماری‌ نافەرمی‌ نزیکەی‌ 4000 چوار هەزار ئافرەت دەبێت تەنها بەشێکی‌ کەمیان رزگار کراون لەدەستی‌ تیرۆریستان و بۆ ئەم مەبەستە باسی‌ هاوکاری‌ کۆمەڵایەتی‌ و تەندروستی‌ پێویست کرا بۆ ئەو ئافرەتانەی‌ رزگارکراون .

لای‌ خۆیەوە جێگری‌ سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران بەڵێنی‌ هەموو جۆرە هاوکارییەکی‌ بەنوێنەری‌ ئافرەتان دا کە بەجدی‌ کار بۆ ئەم پرسە بکات کە یەکێکە لەپرسە نەتەوایەتییەکان و برینێکی‌ گەورەی‌ لەجەستەی‌ کورد بەتەتایبەتی‌ و عیراق بەگشتی‌ دروستکردووە  چونکە ئەوتاوانەی‌ کە تائێستا بەرامبەر بەئافرەتی‌ کورد دەکرێ لەمێژوودا کەم وێنەیە و لەئێستادا تاوانێکی‌ گەورەیە دژ بەمرۆڤایەتی‌ ئەنجام دەدرێت هەردوولا کۆکبوون کە لەگەڵ حکومەتی‌ عیراق و دامودەزگا نێودەوڵەتیەکان ورێکخراوە بیانییەکاندا کاربکرێ بۆ پەلەکردن لە دۆزینەوەی‌ رێگەچارەیەک بۆ کەیسەکە و پێشکەشکردنی‌ هاوکاری‌ خێرا بۆیان ، هەروەها لای‌ خۆیەوە جێگری‌ سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران بەڵێنی‌ ئەوەی‌ دا کەهەرچی‌ پێویست بکات بۆ بڕیاری‌ پەرلەمان و تەشریعات بۆ ئەم دۆزە ئەنجام بدات و بڕیارە لیژنەی‌ ئافرەتانی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق بەهاوکاری‌ پەرلەمانی‌ کوردستان سەردانی‌ مەیدانی‌ ئەنجام بدەن  و راپۆرتێک لەوبارەیەوە پێشکەش بە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق بکەن بۆدەرکردنی‌ بڕیاری‌ پێویست لەوبارەیەوە .

لەکۆتاییدا وێڕای‌ سوپاسی‌ شاندی‌ میوان بەو ئەنجامە گەیشتن کەبەردەوامبن لە پەیوەندی‌ بۆ پێشکەشکردنی‌ هاوکاری‌ خێرا بۆ رزگارکردنی‌ ئافرەتانی‌ ئێزیدی‌ .


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com