ئارام شێخ محه‌مه‌د پیرۆزبایی‌ ساڵیادی‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ له‌ڕۆژنامه‌نوسان ده‌كات

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، 117 هه‌مین ساڵڕۆژی‌ ده‌رچوونی‌ یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی‌ كوردی‌، له‌ڕۆژنامه‌نوسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پیرۆزده‌كات و ده‌ڵێت، ئازادی‌ ڕاده‌بڕین، پێوه‌ری سه‌ره‌كی‌ ناسینه‌وه‌و جیاكردنه‌وه‌ی‌ سیستمه‌ دیموكراتخوازه‌كانه‌ له‌ سه‌ركوتكاره‌كان.
نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانیی‌ ئارام شێخ محمه‌د، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ به‌بۆنه‌ی‌ ساڵڕۆژی‌ ڕۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردییه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، وێڕای‌ پیرۆزبایی‌ گه‌رمی‌ له‌ڕۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان، هیواخوازه‌ ئه‌و یاده‌ ببێته‌ وێستگه‌یه‌ك بۆ به‌ره‌و پێشبردنی‌ زیاتری‌ كایه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانیی‌ و فه‌راهه‌مكردنی‌  ئازادی‌ زیاتر و ڕێزگرتن له‌كاری‌ ڕۆژنامه‌وانیی‌، هاوكات، وه‌ستانه‌وه‌ به‌ڕووی‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت ئاسته‌نگ بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ دروستبكه‌ن، یاخود له‌ڕێی‌ به‌كارهێنانی‌ توندوتیژییه‌وه‌، هه‌وڵی‌ چاوترستاندنیان بده‌ن.
له‌به‌شێكی‌ تری‌ په‌یامه‌كه‌یدا، ئارام شێخ محمه‌د ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئازادی‌ ڕاده‌بڕین پێوه‌رێكی‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆ لێك جیاكرنه‌وه‌ی‌ سیستمه‌ دیموكراتیه‌كان و سه‌ركوتكاره‌كان له‌یه‌كتر، بۆیه‌ هاوشانی‌ قبوڵكردنی‌ یه‌كتر و چه‌سپاندنی‌ بنه‌ماكانی‌ تری‌ دیموكراسی‌، ئه‌ركی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێمه‌،  نه‌ك ته‌نها كار بۆ فه‌راهه‌مكردنی‌ ئازادی‌ كاری‌ ڕۆژنامه‌وانیی‌ بكه‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت ببنه‌ پارێزه‌ر و به‌گریكاری‌، تا به‌فیعلی‌ بۆ دونیای‌ بسه‌لمێنێن كورد گه‌لێكی‌ ئازادیخوازه‌و ڕێز له‌هه‌موو جیاوازییه‌كان ده‌گرێت، چونكه‌ گه‌ر له‌ڕابردوو، ئامانجی‌ و مه‌هامی‌ كاری‌ ڕۆژنامه‌وانیی‌ پاراستنی‌ زمان و ناسنامه‌ی‌ كورد بوبێت دژ به‌هه‌وڵه‌كانی‌ نه‌یارانی‌ بۆ پاكتاوكردن و سڕینه‌وه‌ی‌ بونی‌، ئه‌وا له‌ئێستادا، ئه‌و ئامانجه‌ فراوانتره‌ و له‌ئه‌جێندایه‌كی‌ گه‌وره‌تردا خۆی‌ ده‌بینێته‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش هاوبه‌شیكردنی‌ ژیانه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ ئازاد و دیموكراته‌كان، له‌پێناوچه‌سپاندنی‌ بنه‌ماكانی‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ مه‌ده‌نی‌.

نوسینگه‌ی‌ ڕۆژناماوانیی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
2342015


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com