ئارام شێخ محه‌مه‌د: ده‌بێت به‌غدا ته‌واوی ڕێكه‌وتنه‌كه به‌ناردنی بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌شه‌وه جێبه‌جێبكات
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی (هه‌ولێر- به‌غدا) هه‌نگاو ده‌نێت و پێویسته له‌سه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندیش ته‌واوی بودجه‌ی هه‌رێم و پێشمه‌رگه ڕه‌وانه بكات. نوسینگه‌ی ڕۆژنامه‌وانی ئارام شێخ محه‌مه‌د، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مڕۆ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له نوسینگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌شاری به‌غدا پێشوازیكرد له ( ئهنگاس ماكای)، كۆنسوڵی گشتی به‌ریتانیا له‌هه‌ولێر.
له دیدارێكدا، ئارام شێخ محه‌مه‌د سوپاسی حكومه‌ت و گه‌لی به‌ریتانیای كرد بۆ پشتوانیكردن له خه‌ڵكی كوردستان له‌شه‌ڕی دژ به‌تیرۆرستان. له‌به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی به‌كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداو كاریگه‌ری له‌سه‌ر قوتی خه‌ڵكی كوردستان كرد و ڕایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانمان نه‌ده‌كرد، قوتی خه‌ڵك بكرێته به‌شێك له ململانێی سیاسی. وتیشی: خۆشبه‌ختانه هه‌رێم به‌ره‌و جێبهجبهجێكردنی پابه‌ندبونی ته‌واوه‌تی ده‌چێت بهههناردهكردنی ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی له‌یاسای بودجه‌دا هاتووه، بۆیه ده‌بێت حكومه‌تی ناوه‌ندیش پابه‌ندبێت به‌ناردنی ته‌واوی بودجه‌ی كوردستان و بودجه‌ی پێشمه‌رگه.
ئارام شێخ محه‌مه‌د ڕاشیگه‌یاند: ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی له‌كوردستان دروستبوو، ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ پێداچونه‌وه‌و پێویسته به‌رپرسانی هه‌رێم سودی لێوه‌ربگرن بۆ ئاینده و به‌پێویستیشی زانی ڕیفۆرمی ئابوری و چاكسازیی دارایی له‌كوردستان په‌له‌ی لێبكرێت، تا كۆتایی به‌و به‌هه‌ده‌ردانه بهێنرێت كه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردودا بودجه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی دووچاری نه‌زیفێكی گه‌وره كردۆته‌وه.
لای خۆیه‌وه، كۆنسوڵی گشتی به‌ریتانیا له هه‌ولێر، ڕایگه‌یاند، حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی بهردهوادهبێت له‌هاوكاریكردنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ته‌ئكیدیشی كرد له‌وه‌ی هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان خستۆته گه‌ڕ بۆ لێكنزیكردنه‌وه‌ی زیاتری هه‌ردولا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان.
نوسینگه‌ی ڕۆژنامه‌وانیی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
30/4/2015