ئارام شێخ محه‌مه‌د و حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ كۆبونه‌وه‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆ به‌دواداچونی‌ پرسی‌ ڕه‌وانه‌كردنی‌ پشكی‌ هه‌رێم له‌بودجه‌ی‌ عێراق و بودجه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌و بڕینی‌ پاره‌ی‌ پترۆدۆلاری‌ كه‌ركوك له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كۆده‌بێته‌وه‌.
نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانیی‌ ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ (  ) ناردووه‌، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، له‌باره‌گای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق، له‌شاری‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ د.حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كۆبۆوه‌.
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا، ئارام شێخ محمه‌د، له‌باره‌ی‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی‌ هه‌رێم به‌غداو ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ ئێستا به‌غدا ڕه‌وانه‌ی‌ ده‌كات، پرسیاری‌ له‌سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا د.عه‌بادی‌ ته‌ئكیدی‌ له‌پابه‌ندی‌ به‌غدا كردۆته‌وه‌ به‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌وه‌و ڕایگه‌یاندووه‌، هه‌رێم ئاستی‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ به‌رزكردۆته‌وه‌و به‌غداش پابه‌نده‌ به‌وه‌ی‌ بڕی‌ ئه‌و بودجه‌ی‌ ده‌ینێرێ زیادی‌ بكات، له‌وه‌لاَمی‌ پرسیارێكی‌ ئارام شێخ محمه‌د، له‌باره‌ی‌ هۆكاری‌ ڕه‌وانه‌كردنی‌ ته‌واوی‌  بودجه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، پێشمه‌رگه‌ به‌شێكی‌ گرنگه‌ له‌سیستمی‌ به‌رگری‌ عێراق و به‌بایه‌خه‌وه‌ له‌قوربانیانیه‌كانی‌ ده‌ڕوانن، به‌لاَم بودجه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پرۆژه‌ یاسایی‌ بودجه‌ی‌ عێراقدا له‌سه‌ری‌ ڕێكه‌وتون، له‌كاتی‌ پابه‌ندبونی‌ ته‌واو به‌بڕگه‌كانی‌، به‌غدا پابه‌ند ده‌بێت به‌ڕه‌وانه‌كردنی‌ ته‌واوی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی‌ بۆیان دیاریكراوه‌.
ئارام شێخ محمه‌د مه‌سه‌له‌ی‌ خه‌رجنه‌كردنی‌ ده‌رماڵه‌ی‌ مه‌ترسی‌ پاسه‌وانی‌ سنوریشی‌ له‌كوردستان، خستۆته‌ به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق و له‌به‌رامبه‌ردا د.عه‌بادی‌ بێئاگایی‌ خۆی‌ له‌وپرسه‌ پیشانداوه‌و به‌لێنیشی‌ داوه‌ به‌دواداچونی‌ بۆبكات.
له‌ته‌وه‌رێكی‌ تری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، مه‌سه‌له‌ی‌ بڕینی‌ بودجه‌ی‌ پترۆدۆلار و بڕینی‌ پاره‌ی‌ شاره‌وانیه‌كانی‌ كه‌ركوكی‌ خستۆته‌ڕو و داوای‌ له‌سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كردووه‌ هه‌وڵه‌كانی‌ بخاته‌گه‌ڕ بۆ خزمه‌تكردنی‌ زیاتری‌ شاره‌كه‌و لابردنی‌ هه‌موو ئه‌و كۆسپ و ئاستنگانه‌ی‌ دێته‌ ڕێی‌ ئاوه‌دانی‌ و بوژانه‌وه‌ی‌ ژێری‌ خانی‌ ئابوری‌ شاری‌ كه‌ركوك به‌وپێیه‌ی‌ به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان بۆته‌ قوربانی‌ ململانێكانی‌ هه‌رێم‌و به‌غداد.
نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانیی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
6/5/2015


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com