سه‌باره‌ت مافه‌ داراییه‌كانی‌ هه‌رێم له‌ بودجه‌، جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ كوتله‌ نوێنه‌رانی كورد كۆبوه‌وه‌

جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆكی كوتله‌ كوردستانییه‌كان و نوێنه‌رانی كورد له‌ لیژنه‌ی‌ دارایی ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌بێ 17%ی‌ پشكی هه‌رێم و سودمه‌ندبونی هاوڵاتیانی هه‌رێم له‌ نه‌فه‌قاتی حاكیمه‌ وه‌ك ساڵانی رابوردو، كورد رێگه‌ به‌ تێیپه‌ڕاندنی پرۆژه‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2016 نادات.
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی‌ عێراق، له‌گه‌ڵ ئاڵا تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی، هۆشیار عه‌بدوڵا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، خه‌سره‌و گۆران، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی پارتی و هه‌ریه‌كه‌ له‌ حاكم سه‌رحان و مه‌سعود حه‌یده‌ر و مه‌لا قادر و ئه‌حمه‌دی‌ حاجی ره‌شید، نوێنه‌رانی كورد له‌ لیژنه‌ی‌ دارایی كۆبوه‌وه‌.
له‌و كۆبونه‌وه‌دا ئاماده‌بوان ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی‌ 17%ی‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی‌ فیدراڵی و نه‌فه‌قاتی حاكیمه‌ كرده‌وه‌و رایانگه‌یاند، كه‌ له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان و له‌كاتی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌، كورد سازش له‌سه‌ر مافه‌ داراییه‌كانی‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم ناكاته‌وه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ش به‌ تێپه‌ڕینی پرۆژه‌كه‌ نادات ئه‌گه‌ر زیان به‌ قوتی هاوڵاتیانی هه‌رێم بگه‌یه‌نرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ر رێوشوێنێك پێویست بكات، ده‌یگرنه‌به‌ر.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com