ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، سه‌رۆكی‌ كوتله‌ كوردییه‌كان ، له‌شاری‌ به‌غدا كۆبونه‌وه‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و سه‌رۆكی‌ كوتله‌كوردییه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نن، مه‌سه‌له‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنی‌ كورد له‌حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق، نوێنه‌رایه‌تیه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ نه‌ك حزبی‌ و ڕازینابن گۆڕانكارییه‌كان، له‌سه‌ر حسابی‌ ئیستحقاقی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد بێت. سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ، به‌سه‌رپه‌رشتی‌ ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران، سه‌رۆكی‌ كوتله‌ كوردییه‌كان ، له‌شاری‌ به‌غدا كۆبونه‌وه‌. ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، درێژه‌دان بوو به‌تاتوێكردنی‌ كارنامه‌ و ئه‌جێندای‌ كوتله‌ كوردییه‌كان له‌باره‌ی‌ گۆڕانكارییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان له‌كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ و پارێزگاریكردن له‌سه‌نگ و پێگه‌ی‌ كورد و به‌شداریی‌ له‌ناوه‌ندی‌ بڕیاری‌ سیاسی‌، له‌وچوارچێوه‌یه‌دا، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند، سه‌رجه‌م كوتله‌ كوردییه‌كان له‌گه‌ڵ مه‌فهومی‌ گۆڕانكارین به‌ئاراسته‌ی‌ هێنانه‌ كایه‌ی‌ حكومه‌تێكی‌ كاراو لێهاتوو و كه‌ له‌ئاستی‌ خواست و داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵك و قۆناغه‌كه‌دابێ و، دژی‌ ده‌ستور و سیستمی‌ په‌رله‌مانی‌ و یاسا به‌ركاره‌كانیش نه‌بێت. لای‌ خۆیانه‌وه‌، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان ته‌ئكیدیان كرد، نوێنه‌رایه‌تی‌ كورد له‌به‌غدا نوێنه‌رایه‌تیه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ نه‌ك حزبی‌ و، قبوڵی‌ ناكه‌ن به‌ناوی‌ گۆڕانكارییه‌وه‌، سه‌نگ و پێگه‌ و ئیستحقاقی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ كورد پێشلبكرێت، سوربونی‌ خۆشیان له‌سه‌ر هاوتاكردنی‌ به‌شداریكردنی‌ كورد له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران و دامه‌زراوه‌كانی‌ تری‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراق به‌پێی‌ سه‌نگ و قه‌باره‌یان له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق كرده‌وه‌. له‌به‌شێكی‌ تری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا، ئاماده‌بوان ڕایانگه‌یاند، قوڵبونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان زیاتر په‌یوه‌یسته‌ به‌ناوماڵی‌ پێكهاته‌ی‌ شیعه‌و كورد به‌شێك نیه‌ له‌كێشه‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوكارده‌به‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ناكۆكی‌ و ئاڵۆزییه‌كان.

نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
15/5/2016


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com