جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئیدانه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی برۆكسل ده‌كات

جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ توندی ئیدانه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆی‌ برۆكسل ده‌كات و سه‌ره‌خۆشی خۆی‌ بۆ گه‌ل و حكومه‌تی به‌لجیكا راده‌گه‌یه‌نێت و هیوای‌ زو چاكبونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كانی ئه‌و هێرشانه‌ ده‌خوازێت.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وێڕای‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ حكومه‌تی به‌لجیكا رایگه‌یاند: كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانی‌ ئه‌مڕۆ كه‌ پایته‌ختی‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا (برۆكسل)یان كرده‌ ئامانج و كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كانی‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌به‌ریش كه‌ له‌ پاریس رویاندا، ده‌ره‌نجامی هه‌ست نه‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌ به‌ مه‌ترسی رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان و تواناكانیان، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ چه‌ندجارێك له‌ كۆڕو كۆبونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا هۆشداریمان له‌باره‌یه‌وه‌ داوه‌.

هه‌ر له‌و راگه‌یه‌نراوه‌دا جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌پێویستی ده‌زانێت سه‌رجه‌م وڵاتانی جیهان هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ و هه‌ماهه‌نگی گۆڕینه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ ئه‌منی و هه‌واڵگری‌ بكه‌ن به‌ مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌ چالاكی رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ جدین بۆ مرۆڤایه‌تی و ئایینده‌ی‌ گه‌لان.

نوسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌وانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
سێشه‌ممه‌ 22/3/2016


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com