جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ووته‌یه‌ك له‌ میانه‌ی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ (گفتوگۆی‌ به‌غدا) پێشكه‌شده‌كات

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ڕێز ئارام شێخ محمد له‌میانه‌ی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ كاره‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ (گفتوگۆی‌ به‌غدا)دا كه‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تی‌ وڵات و ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ دادوه‌ری‌ وژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرس و وه‌زیر ونوێنه‌ری‌ وڵاتان و راگه‌یاندنكار وئه‌كادیمیه‌كان تێیدا به‌شداربوون گووتی‌ : نزیكه‌ی‌ پێنج ملیۆن كه‌س له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان باجی‌ ناكۆكی‌ وكێشه‌ی‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ سیاسی‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌په‌نجه‌ی‌ ده‌ست ده‌ژمێردرێن.
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ گفتوگۆ به‌واتا گشتیه‌كه‌ی‌ یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین هۆكاره‌كانی‌ به‌رده‌وامبوونی‌ په‌یوه‌ندی‌ فیكری‌ ورۆشنبیری‌ وكۆمه‌ڵایه‌تی‌ وسیاسی‌ بۆ قۆناغه‌كانی‌ ژیانی‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك وكاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ له‌سه‌ر یه‌كخستنی‌ بۆچوونه‌كان و په‌ره‌پێدانی‌ تواناكانی‌ تاكه‌كان ده‌بێت، هه‌روه‌ها گفتوگۆی‌ شارستانی‌ راشكاوانه‌ یه‌كێكه‌ له‌ چالاكیه‌كان كه‌ مرۆڤ رزگارده‌كات له‌ گۆشه‌گیری‌ وداخراویدا.
له‌درێژه‌ی‌ قسه‌كانیدا جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان چه‌ندین بابه‌تی‌ خسته‌ڕوو وتیشكی‌ خسته‌سه‌ر قۆناغی‌ دوای‌ داعش وچی پێویسته‌ بكرێت وكێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم وبه‌غدا وچۆنیه‌تی‌ چاره‌سه‌ركردنیان وچه‌سپاندنی‌ بنه‌مای‌ پێگه‌وه‌ژیان وبرایه‌تی‌ له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی‌ وڵات وبه‌شداری پێكردنی هه‌موولایه‌ك له‌ دروستكردنی‌ بڕیار ودابینكردنی‌ ژیانێكی‌ ئاسووده‌و سه‌ربه‌رز بۆ هه‌موو هاوڵاتیان.
له‌كۆتاییدا جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان گووتی‌” ئاشكرایه‌ كه‌ توندڕه‌وی‌ به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌ له‌ ژینگه‌ی‌ هه‌ژاری‌ وبێكاریدا سه‌رهه‌ڵده‌دات وگه‌شه‌ده‌كات وبۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین ریشه‌كێشی‌ ئه‌و ده‌رده‌ بكه‌ین پێویستیمان به‌ جۆرێكی‌ تری‌ خه‌بات هه‌یه‌، ئه‌ویش خه‌باته‌ له‌پێناو ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ژێرخانی‌ ئابوری‌ وخستنه‌كاری‌ هه‌موو تواناكانی‌ گه‌نجان له‌م قۆناغه‌دا وله‌به‌رامبه‌ریشدا پێویسته‌ له‌سه‌رمان گه‌نده‌ڵی‌ نه‌هێڵین وپێویسته‌ ئیراده‌یه‌كی‌ راسته‌قینه‌مان هه‌بێت بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ وڵاته‌كه‌مان”.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com