ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌ست ده‌كات به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان وتاوتوێی‌ قه‌یرانی‌ ئاواره‌كانی‌ موسڵ ده‌كات

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 9/3/2017 له‌دانیشتنی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ ژماره‌ شازده‌دا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران وئاماده‌بوونی‌ 191 په‌رله‌مانتار، ده‌ستیكرد به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌بێ‌ ئاماده‌بوونی‌ ناوبراو، هه‌روه‌ها میوانداری‌ چه‌ند وه‌زیرێكی‌ كرد بۆ تاوتوێكردنی‌ قه‌یرانی‌ ئاواره‌كانی‌ موسڵ.
سه‌ره‌تا لیژنه‌ی‌ ئافره‌ت وخێزان ومنداڵ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌بۆنه‌ی‌ رۆژی‌ جیهانی‌ ئافره‌ت خوێنده‌وه‌، دواتر لیژنه‌ی‌ رۆشنبیری‌ وراگه‌یاندن به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌ هه‌مان بۆنه‌ خوێنده‌وه‌ وپه‌رله‌مانتار عه‌بدولڕه‌حمان لوێزی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌ موسڵ خوێنده‌وه‌ وپه‌رله‌مانتار نیازی‌ ئۆغلۆش به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌بۆنه‌ی‌ یه‌كه‌م ساڵیادی‌ لێدانی‌ توركمان له‌ شارۆچكه‌ی‌ تۆزخورماتۆ به‌چه‌كی‌ كیمیاوی‌ له‌ 8-3-2017 له‌لایه‌ن تیرۆریستانی‌ داعشه‌وه‌ خوێنده‌وه‌.
له‌لایه‌كی‌ تر به‌ڕێز مه‌هدی‌ زوبه‌یدی‌ سوێندی‌ یاسایی‌ خوارد وه‌كو په‌رله‌مانتار له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌جیاتی‌ به‌ڕێز قاسم ئه‌عره‌جی‌ كه‌ پۆستی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ وه‌رگرت.
هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتار عه‌بدولقه‌هار سامه‌رائی به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌ناوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ خوێنده‌وه‌ به‌بۆنه‌ی‌ رۆژی‌ ئه‌ندازیاری‌ عیراقی‌ وبه‌ئاماده‌بوونی‌ به‌ڕێز نه‌قیب وئه‌ندامانی‌ سه‌ندیكای‌ ئه‌ندازیاران.
دواتر ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پێشنیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ په‌سه‌ندكرد سه‌باره‌ت به‌ یه‌كسانكردنی‌ مووچه‌ی‌ حه‌شدی‌ میللی‌ به‌ هاوشێوه‌كانیان له‌ سوپاو پۆلیسدا.
سه‌باره‌ت به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن وپه‌یوه‌ندییه‌كان به‌پێی‌ داواكاری‌ په‌رله‌مانتار حه‌نان فه‌تلاوی‌، به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران رونیكرده‌وه‌ كه‌ لیژنه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ پێداچوونه‌وه‌ی‌ نووسراوی‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن وپه‌یوه‌ندییه‌كان كه‌ بۆ ئه‌نجومه‌ن نێردراوه‌، لیژنه‌ رونیكرده‌وه‌ كه‌ كۆپی‌ تایبه‌ت به‌ راپۆرته‌كانی‌ پزیشكی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی په‌سه‌ند نه‌كراون وئه‌و لایه‌نه‌ی‌ په‌سه‌ندی‌ كردوون به‌فه‌رمی‌ له‌قه‌ڵه‌م نادرێت، هه‌ربۆیه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن داوای‌ له‌ ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن وپه‌یوه‌ندییه‌كان كرد فه‌رمانی‌ مۆڵه‌تی‌ فه‌رمی‌ تایبه‌ت به‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ وراپۆرته‌ پزیشكیه‌كان بۆ ئه‌نجومه‌ن بنێرێت وئه‌نجومه‌ن مافی‌ خۆیه‌تی‌ رێوشوێنی‌ گونجاو ده‌رهه‌قی‌ بگرێته‌به‌ر.
له‌سه‌ره‌تای‌ لێپرسینه‌وه‌كه‌ په‌رله‌مانتار حه‌نان فه‌تلاوی‌ پێشه‌كی‌ داواكاری‌ تایبه‌ت به‌ لێپرسینه‌وه‌كه‌ی‌ خسته‌ڕوو وقۆناغه‌كانی‌ لێپرسینه‌وه‌كه‌ی‌ باسكرد.
دواتر شێخ هومام حه‌مودی‌ بڕیاریدا لێپرسینه‌وه‌ی‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان بۆ دانیشتنی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو دوابخات.
ئینجا ئه‌نجومه‌ن بارودۆخی‌ ئاواره‌كانی‌ موسڵی‌ به‌ئاماده‌بوونی‌ به‌ڕێز قاسم فه‌هداوی‌ وه‌زیری‌ كاره‌با و خاتوو عه‌دیله‌ حه‌مود وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ و به‌ڕێز سه‌لمان جومه‌یلی‌ وه‌زیری‌ پلاندانان ِوبه‌ڕێز جاسم محمد وه‌زیری‌ كۆچ وكۆچبه‌ران وبه‌ڕێز عه‌باس عمران بریكاری‌ وه‌زاره‌تی‌ گواستنه‌وه‌و به‌ڕێز نه‌وفه‌ل حه‌مادی‌ پارێزگاری‌ نه‌ینه‌وا تاوتوێكرد.
دواتر شێخ هومام حه‌مودی‌ بڕیاریدا به‌پێی‌ داواكاری‌ په‌رله‌مانتارانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ دانیشتنی‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ دابێت دوابخات دوای‌ ئاماده‌بوونی‌ وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.
له‌كۆتاییدا بڕیاردرا دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 11/3/2017 هه‌ڵبگیرێت

فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
9/3/2017


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com