ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ئاماده‌بوونی‌ چه‌ند وه‌زیرێك تاوتوێی‌ بارودۆخی‌ ئاواره‌كانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا ده‌كات

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13/3/2017 له‌ دانیشتنی‌ ئاسایی‌ ژماره‌ هه‌ژده‌ی‌ خۆیدا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ وئاماده‌بوونی‌ 189 په‌رله‌مانتار، میوانداری‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كانی‌ كرد، به‌مه‌به‌ستی‌ تاوتوێكردنی‌ بارودۆخی‌ ئاواره‌كانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا وده‌نگی‌ له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی دا سه‌باره‌ت به‌ خه‌رجكردنی‌ پاره‌ی‌ جوتیارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
له‌ سه‌ره‌تای‌ دانیشتنه‌كه‌دا په‌رله‌مانتار عه‌باس به‌یاتی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌بۆنه‌ی‌ شه‌هیدبوونی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ردانیكه‌رانی‌ عیراقی له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ده‌سته‌ی‌ شامی‌ تیرۆریست له‌ دیمه‌شق خوێنده‌وه‌، دواتر په‌رله‌مانتار جه‌مال مه‌حمه‌داوی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌بۆنه‌ی‌ یادی‌ ڕاپه‌ڕینی‌ 17 ئازاری‌ ساڵی‌ 1999 له‌دوای‌ شه‌هیدبوونی‌ سه‌ید محمد سادق سه‌در له‌ ده‌ستی‌ رژێمی‌ به‌عس خوێنده‌وه‌.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ دا كه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ پابه‌ند ده‌كات به‌ ته‌واوكردنی‌ خه‌رجكردنی‌ پاره‌ی‌ جوتیارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ساڵی‌ 2016 وخه‌رجكردنی‌ له‌ نزیكترین كاتدا.
ئه‌مه‌و ئه‌نجومه‌ن میوانداری‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان وه‌زیری‌ بازرگانی‌ و ته‌ندروستی‌ وكاره‌باو كۆچ و كۆچبه‌ران وئه‌مینداری‌ گشتی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران وپارێزگاری‌ نه‌ینه‌وای‌ كرد بۆ تاوتوێكردنی‌ بابه‌تی‌ ئاواره‌كانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا.
دواتر دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 16/3/2017 هه‌ڵگیرا
فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
13/3/2017


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com