سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بارودۆخی سیاسی وئاسایش له‌گه‌ڵ یان كۆبیتش تاوتوێ ده‌كات
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، پێشوازی له نوێنه‌ری ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عیراق به‌ڕێز یان كۆبیتش كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی پێشهاته‌كانی سیاسی وئه‌منی وبۆردومانكردنی هاوڵاتیانی سڤیل له‌موسل كرا و جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی گیانی هاوڵاتیان كرایه‌وه .
جبوری رۆڵی هێزه‌كانی ئاسایشی له روبه‌روبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان ورزگاركردنی خاكی وڵات له داعش به‌رزنرخاند، داواشی له له‌هێزه رزگاركراوه‌كان كرد كه ره‌چاوی بارودۆخی شاره‌كه بكه‌ن له‌رووی چڕی دانیشتوانه‌وه بۆ هه‌ڵه‌ی سه‌ربازی له‌م جۆره دووباره نه‌بێته‌وه.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزی داوای له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وریكخراوه مرۆڤیه‌كان كرد هه‌موو تواناكانی خۆیان بخه‌نه كار بۆ به‌هاناوه‌چوونی ئاواره‌كان وپێشكه‌شكردنی هاوكاری خۆراكی وته‌ندروستی بۆیان.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه به‌ڕێز یان كۆبیتش دووپاتیكرده‌وه كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وبه‌هاوكاری رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ ئاواره‌كان له موسل.