ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌نگده‌دات له‌سه‌ر هه‌مواركردنی‌ یاسای تۆڕی‌ ڕاگه‌یاندن ودرێژه‌ به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ ده‌دات

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 3/4/2017 له‌ بیست وسێیه‌مین دانیشتنی‌ ئاسایی‌ خۆیدا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن وئاماده‌بوونی‌ 183 په‌رله‌مانتار، ده‌نگده‌دات له‌سه‌ر پێشنیاری‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ یه‌كه‌می‌ یاسای تۆڕی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ عیراق وبه‌رده‌وامی‌ به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ ده‌دات.
له‌سه‌ره‌تای‌ دانیشتنه‌كه‌ په‌رله‌مانتار عه‌بدولئیلاه نائیلی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌بۆنه‌ی‌ ساڵیادی‌ شه‌هیدبوونی‌ سه‌ید محمد باقر سه‌در وخوشكه‌كه‌ی‌ بنت ئه‌لهودا خوێنده‌وه‌.
دواتر ئه‌نجومه‌ن سوره‌تی‌ فاتیحه‌ی‌ له‌سه‌ر گیانی‌ سه‌دری‌ شه‌هید و هه‌موو شه‌هیدانی‌ عیراق خوێنده‌وه‌.

له‌لایه‌كی‌ تر به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن داوای یه‌كڕیزی‌ وهاوكاریكردن وپاڵپشتیكردنی‌ گفتوگۆ كرد له‌پێناو بنیاتنانی‌ وڵات دوای‌ كۆتاییهاتنی‌ قۆناغی‌ تیرۆر و رونیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌ن هه‌موو تواناكانی‌ ده‌خاته‌ كار بۆ فه‌وتاندنی‌ ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ هه‌وڵده‌ده‌ن سوود له‌ ده‌رهاوێژته‌كانی‌ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك وه‌ربگرن سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵكردنی‌ ئاڵای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك وسه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌ن كار ده‌كات بۆ گه‌یشتن به‌باشترین چاره‌سه‌ر له‌پێناو پاراستنی‌ یه‌كڕیزی‌ هه‌موولایه‌كدا.

دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر پێشنیاری‌ یاسای‌ هه‌مواركردنی‌ یه‌كه‌می‌ یاسای تۆڕی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ عیراقی‌ ژماره‌ (26)ی‌ ساڵی‌ 2015 كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ رۆشنبیری‌ وڕاگه‌یاندن و یاسایی پیشكه‌شكرابوو.
سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر لابردنی‌ به‌ڕێز سه‌فائه‌ددین ره‌بیع سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن وپه‌یوه‌ندییه‌كان له‌ پۆسته‌كه‌ی‌، سه‌رۆك جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ دوای‌ ته‌واوكردنی‌ لێپرسینه‌وه‌ وبه‌پێی‌ مادده‌ی‌ 61/هه‌شته‌م/ له‌ ده‌ستوری‌ عیراقی‌، داوایه‌كی‌ به‌دست گه‌یشتووه‌ وله‌لایه‌ن 51 په‌رله‌مانتاره‌وه‌ ئیمزاكراوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر رێوشوێنه‌كانی‌ لابردنی‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ راگه‌یاندن له‌ پۆسته‌كه‌ی‌.
دواتر سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن به‌خێرهاتنی‌ شاندێكی‌ عیراقی‌ كرد بۆ دانیشتنه‌كه‌ كه‌ به‌شداری‌ له‌ پێشانگای‌ داهێنانه‌كان له‌ میسر كردبوو وله‌كۆی‌ 67 خه‌ڵات 23 خه‌ڵاتی‌ زێڕینی به‌ده‌ستهێنا ودیارییه‌كی‌ وه‌كو یادگاری‌ پێشكه‌شی‌ به‌ڕێز سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كرد.
له‌لایه‌كی‌ تر، ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و به‌پێی‌ داواكاری‌ په‌رله‌مانتار عه‌واد عه‌وادی‌ به‌رده‌وامی‌ به‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ خاتوو عه‌دیله‌ حمود دا.
دواتر سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بڕیاریدا كه‌ به‌یانی‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ لێپرسینه‌وه‌كه‌ ته‌واو بكرێت ودانیشتنه‌كه‌ی‌ به‌كراوه‌یی‌ هێشته‌وه‌.
دانیشتنه‌كه‌ش بۆ به‌یانی‌ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 4/4/2017 هه‌ڵگیرا


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com