ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كۆتایی‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ پێشنیاری‌ هه‌ردوو یاسای په‌رستاری‌ وده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنی‌ فیدراڵی‌ دێنێت

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 13/4/2017 له‌دانیشتنی‌ بیست و پێنجه‌مینی‌ ئاسایی‌ خۆیدا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران وئاماده‌بوونی‌ 212 په‌رله‌مانتار، كۆتایی‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ دوو پێشنیاری‌ یاسا هێنا وده‌نگی‌ له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كانی‌ ئه‌نفال دا.
سه‌ره‌تا په‌رله‌مانتار فه‌رهاد قادر به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌ناوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران خوێندنه‌وه‌ به‌بۆنه‌ی‌ كاره‌ساتی‌ ئه‌نفال دژی‌ گه‌لی‌ كورد، تێیدا داوایكرد كاری‌ زیاتر بكرێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ جه‌نازه‌كانی‌ قوربانیان وكاراكردنی‌ بڕیاری‌ دادگا سه‌باره‌ت به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ كه‌سوكاری‌ ئه‌نفالكراوه‌كان وقه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ دانیشتووانی‌ ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان ودووباره‌ ئاماده‌كردنی‌ ژینگه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ وداوایكرد بابه‌تی‌ ئه‌نفال بخرێته‌ ناو كتێبه‌كانی‌ خوێندن ودادگاییكردنی‌ تاوانباران وناساندنی‌ رۆژی‌ 14 نیسان وه‌كو یادێكی‌ ساڵانه‌ له‌هه‌موو ناوچه‌كانی‌ عیراق وچوونه‌ناوه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عیراق بۆ رێكه‌وتننامه‌ی‌ رۆما بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ (جینۆساید).

دواتر ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان سوره‌تی‌ فاتیحه‌یان له‌سه‌ر گیانی‌ شه‌هیدانی‌ پرۆسه‌ی‌ ئه‌نفال خوێنده‌وه‌.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن له‌ڕووی‌ مه‌بده‌ئیه‌وه‌ ده‌نگیدا له‌ سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌ یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ شۆرشی له‌ناوچوو ژماره‌ (204) ی‌ ساڵی‌ 2002 بۆ حكومه‌ت، كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ ته‌ندروستی‌ وژینگه‌ و یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو، وڕاسپاردنی‌ حكومه‌ت به‌ ئاماده‌كردنی‌ پرۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ره‌تكردنه‌وه‌كه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن له‌ڕووی مه‌بده‌ئیه‌وه‌ ده‌نگیدا له‌سه‌ر شێوه‌ی‌ بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌كانی‌ ئه‌نفال له‌لایه‌ن رژێمی‌ پێشوو ده‌رهه‌ق به‌ سه‌دان ناوچه‌و دێی‌ كوردستان.
دواتر سه‌رۆك جبوری‌ داوایكرد بڕیاره‌كه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان وڕای‌ حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ وه‌ربگیرێت.
له‌لایه‌كی‌ تر، سه‌رۆك جبوری‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌دانیشتنی‌ داهاتووی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌دا ناوی‌ په‌رله‌مانتاره‌ ئاماده‌نه‌بووه‌كان ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ رێژه‌ی‌ ئاماده‌نه‌بوونیان ڕاده‌ی‌ یاسایی‌ تێپه‌ڕاندووه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ گونجاو ده‌رباره‌یان بدرێت.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتایی‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پێشنیاری‌ یاسای سه‌ندیكای‌ په‌رستاری‌ هێنا كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی‌ داموده‌زگاكانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ ویاسایی‌ ودارایی‌ وته‌ندروستی‌ وژینگه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.
دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایی‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ پێشنیاری‌ یاسای ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردنی‌ فیدراڵی‌ هێنا كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو وسه‌رۆك جبوری‌ داوایكرد كه‌ پێشنیاری‌ یاساكه‌ له‌ دانیشتنی‌ داهاتوودا له‌ڕووی‌ مه‌بده‌ئیه‌وه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م ده‌نگدان.
دواتر بڕیاردرا دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 15/4/2017 هه‌ڵبگیرێت.

فه‌رمانگه‌ی‌ ڕاگه‌یاندنی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
12/4/2017


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com