ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌نگده‌دات به‌ قه‌ناعه‌ت نه‌كردن به‌ وه‌ڵامه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 25/4/2017، له‌ دانیشتنی‌ بیست وهه‌شته‌مینی‌ ئاسایی‌ خۆیدا، به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن وئاماده‌بوونی‌ 252 په‌رله‌مانتار، ده‌نگیدا به‌قه‌ناعه‌ت نه‌كردن به‌ وه‌ڵامه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان وبڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ تایبه‌ت به‌ پابه‌ندكردنی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ پاراستنی‌ به‌رهه‌می‌ كشتوكاڵی‌ نشتیمانی‌.
له‌سه‌ره‌تای‌ دانیشتنه‌كه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن پیرۆزبایی‌ له‌ جیهانی‌ ئیسلامی‌ كرد به‌بۆنه‌ی‌ یادی‌ ئیسراو میعراجه‌وه‌ وله‌هه‌مان كاتیشدا پرسه‌ی‌ شه‌هیدبوونی‌ ئیمام موسا كازم (س) ئاراسته‌ی‌ گه‌لی‌ عیراق وجیهانی‌ ئیسلامی‌ كرد.
هه‌روه‌ها به‌ڕێز جبوری‌ پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی‌ خۆی‌ ئاراسته‌ی‌ هه‌ریه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران فازل كینانی‌ و ریحاب عه‌بودی‌ و عه‌بدولسه‌لام مالیكی و عالیه‌ نوسه‌یف كرد به‌بۆنه‌ی‌ كۆچی‌ دوایی ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكاری‌ به‌ڕێزیان.
دواتر په‌رله‌مانتار هوشیار عه‌بدولڵا به‌یاننامه‌یه‌كی‌ خوێنده‌وه‌ به‌بۆنه‌ی‌ ساڵیادی‌ بۆردومانكردنی‌ ناوچه‌ی‌ قه‌ڵادزێ‌ له‌ ساڵی‌ 1974 له‌لایه‌ن فرۆكه‌كانی‌ رژێمی‌ پێشووه‌ وله‌ ئه‌نجامدا 163 كه‌س شه‌هیدبوون و 300 تریش برینداربوون.
دواتر سه‌رۆك جبوری‌ رایگه‌یاند كه‌ نوووسراوێكی‌ له‌ دادگای‌ ئیتیحادی پێگه‌یشتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌كانی‌ لێپرسینه‌وه‌ وتایبه‌ت به‌ شیكردنه‌وه‌ی‌ (مادده‌ی‌ 61 هه‌شته‌م/ ه ) وبڕگه‌كانی‌.
هه‌روه‌ها جبوری‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌پێی‌ داواكاری‌ په‌رله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌كان، رۆژی‌ 9/5 ده‌ستنیشانكرا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ پسیاره‌كان له‌لایه‌ن وه‌زیری‌ گواستنه‌وه‌وه‌.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو سه‌باره‌ت به‌ پابه‌ندكردنی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ پاراستنی‌ به‌رهه‌می‌ كشتوكاڵی‌ نشتیمانی‌.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌ستیكرد به‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیاری‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ سێیه‌می‌ یاسای كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ مافی‌ مرۆڤ ژماره‌ (53)ی‌ ساڵی‌ 2008 كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ حه‌فتانه‌ی‌ دیداری‌ سامه‌ڕا كه‌ له‌لایه‌ن كۆلێژی‌ شوێنه‌واری‌ زانكۆی‌ سامه‌ڕاوه‌ ده‌به‌سترێت.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئه‌نجومه‌ن له‌ڕێگه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ نهێنیه‌وه‌ ده‌نگیدا به‌ قه‌ناعه‌ت نه‌كردن به‌ وه‌ڵامه‌كانی‌ سه‌رۆكی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان وژماره‌ی‌ ده‌نگده‌ران به‌ قه‌ناعه‌ت نه‌كردن گه‌یشته‌ 119 په‌رله‌مانتار، له‌كاتێكدا ژماره‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ قه‌ناعه‌تیان به‌ وه‌ڵامه‌كانی‌ ناوبراو هێنا گه‌یشته‌ 118 په‌رله‌مانتار و 15 په‌رله‌مانتاریش ده‌نگیان نه‌دا.
دواتر دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو به‌رواری‌ 27/4/2017 هه‌ڵگیرا.

فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
25/4/2017


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com