سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان گرنگی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ كردن و ئاڵوگۆڕكردنی‌ شاره‌زایه‌تی‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات بۆ هه‌ردوو وه‌زیری‌ به‌رگری‌ و دادی‌ رۆمانیا دووپاتده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، له‌دوو دیداری‌ جیادا، چاوی‌ به‌ هه‌ردوو وه‌زیری‌ به‌رگری‌ و دادی‌ رۆمانیا كه‌وت.
له‌دیداریدا له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ داد به‌ڕێز تودۆریل توادیر، تاوتوێی‌ په‌یوه‌ندی‌ دووقۆڵی‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات وجه‌نگی‌ دژی‌ تیرۆر وپاڵپشتیكردنی‌ رۆمانیا بۆ عیراق وكاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سه‌قامگیری‌ بۆ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان له‌ده‌ستی‌ داعش كرا.
هه‌روه‌ها تاوتوێی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ هاوبه‌ش له‌بواری‌ ئه‌زموونی‌ دادوه‌ریدا كرا و سه‌رۆك جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق هه‌نگاو ده‌نێته‌ قۆناغێكی‌ نوێدا كه‌ بنه‌مای‌ یه‌كسانی‌ ودادپه‌روه‌ری‌ له‌نێوان رۆڵه‌كانی‌ وڵات زاڵ ده‌بێت وپێویستیمان به‌ ئه‌زموونی‌ وڵاتانی‌ دۆست هه‌یه‌ وخواستێك هه‌یه‌ بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی‌ رۆمانیا له‌م بواره‌دا.
هه‌روه‌ها جبوری‌ گووتی‌ ” كار ده‌كه‌ین بۆ هاندانی‌ وه‌زاره‌تی‌ دادی‌ عیراق بۆ ئیمزاكردنی‌ رێكه‌وتننامه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ دادی‌ رۆمانیا ورایگه‌یاند كه‌ په‌رله‌مان كارده‌كات بۆ ده‌ركردنی‌ یاسای‌ په‌یوه‌ندیدار به‌م دۆسیه‌ گرنگه‌”.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وه‌زیری‌ دادی‌ رۆمانیا خواستی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ پێشاندا له‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ عیراق بۆ ئاڵوگۆڕكردنی‌ شاره‌زایه‌تی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كان.

له‌دیداریكی‌ تری‌ جیادا، سه‌رۆك جبوری‌ چاوی‌ به‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ نشتیمانی‌ رۆمانیا به‌ڕێز گابریێل بنیامین كه‌وت وله‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ رۆڵی‌ رۆمانیا له‌ پاڵپشتیكردنی‌ عیراق له‌جه‌نگی‌ دژی‌ تیرۆر كرا و سه‌رۆك جبوری‌ رۆڵی‌ رۆمانیا له‌چوارچێوه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌ورۆپا له‌ پاڵپشتیكردنی‌ عیراق له‌جه‌نگی‌ دژی‌ تیرۆردا به‌رزنرخاند.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر به‌هێزكردنی‌ بواری‌ پڕچه‌ككردن ومه‌شق وراهێنان وبنیاتنانی‌ تواناكانی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش له‌ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر كرده‌وه‌، نه‌ك ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆیی‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌ره‌وه‌ش وئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ هانی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عیراق ده‌دات بۆ به‌ستنی‌ رێكه‌وتنامه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ رۆمانیا به‌جۆرێك كه‌ خزمه‌ت به‌ ده‌زگای‌ سه‌ربازی‌ عیراقی‌ بكات وتواناكانی‌ به‌هێزتر بكات.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز بنیامین پیرۆزبایی‌ له‌ سه‌رۆك جبوری‌ وگه‌لی‌ عیراق كرد بۆ سه‌ركه‌وتنه‌كان له‌ شاری‌ مووسڵ وناوچه‌ رزگاركراوه‌كانی‌ تر وپاڵپشتی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ عیراق له‌بواره‌كانی‌ مه‌شق وراهێنان دووپاتكرده‌وه‌ وگووتی‌ كه‌ رۆمانیا هه‌ست به‌ گه‌وره‌یی‌ به‌رپسیارێتی‌ سه‌ر شانی‌ عیراق ده‌كات كه‌ به‌نوێنه‌رایه‌تی‌ هه‌موو جیهان دژی‌ تیرۆر ده‌جه‌نگێت.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com