سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان له‌میانه‌ی‌ سه‌ردانیدا بۆ پرسه‌یه‌كی‌ ماته‌مینی‌ له‌ پارێزگای‌ بابل: رۆڵی‌ هاوڵاتی‌ له‌ بنیاتنانی‌ ده‌زگاكان وپه‌ره‌پێدانی‌ وڵات ڕۆڵێكی‌ گرنگ وسه‌ره‌كیه‌

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، سه‌ردانی‌ پرسه‌یه‌كی‌ ماته‌مینی‌ له‌ قه‌زای‌ مه‌حاویلی سه‌ر به‌ پارێزگای‌ بابل كرد و چاوی‌ به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك هۆز و پیاوه‌ دیاره‌كانی‌ پارێزگای‌ بابل وسه‌ركرده‌كانی‌ ده‌زگاكانی‌ ئاسایش كه‌وت.
جبوری‌ له‌ ووته‌یه‌كیدا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق به‌ هۆی‌ پاڵه‌وانێتی‌ و قوربانیدانی‌ هێزه‌كانمان نزیكبووته‌وه‌ له‌ رزگاركردنی‌ ته‌واوی‌ خاكه‌كه‌ی‌ له‌ تیرۆریستانی‌ داعش وبه‌هۆی‌ یه‌كڕیزی‌ ویه‌كده‌نگی‌ هاوڵاتیان، خه‌ریكه‌ له‌ فیتنه‌ی‌ تایفه‌گه‌ری‌ وناكۆكیه‌كانیش ڕزگارمان ده‌بێت.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ گووتی‌: تیرۆر هه‌موو عیراقیه‌كانی‌ كرده‌ ئامانج وجیاوازی‌ له‌نێوان پێكهاته‌كاندا نه‌كرد، هه‌ربۆیه‌ نابێت بابه‌تی‌ لاوه‌كی‌ بچووك ببێته‌ هۆی‌ دروستبوونی‌ ناكۆكی‌ وجیاوازی‌ له‌نێوانی‌ ئێمه‌دا وئاماژه‌ی‌ به‌ تاڵی‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ داعش كرد وگووتی‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو عیراقیه‌كان له‌ژێر سایه‌ی‌ ئارامی‌ وسه‌قامگیریدا بحه‌سێنه‌وه‌ وڕێز له‌هاوڵاتیان بگیرێت ومافیان بپارێزرێت.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان رونیكرده‌وه‌ كه‌ قۆناغه‌كانی‌ داهاتوو پێویستی‌ به‌ به‌شداریكردنی‌ هاوڵاتیان له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی‌ ده‌زگای‌ ره‌سه‌ن وكارا هه‌یه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی‌ وڵات وگووتی‌ كه‌ یه‌كڕیزی‌ هاوڵاتیانی‌ وڵات تاكه‌ رێگایه‌ بۆ پاراستنی‌ سه‌روه‌ری‌ وڵات ومافی‌ رۆڵه‌كانی‌.
جبوری‌ رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌پێی‌ قه‌باره‌و وڕۆڵ وپێگه‌ی‌ عیراق وه‌كو به‌شداربوویه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ دروستكردنی‌ بڕیار و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بكه‌ن.
له‌كۆتاییدا سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ستایشی‌ ڕۆڵی‌ هۆزه‌كان له‌ پاراستنی‌ ئاسایش وڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵگیرساندنی‌ جه‌نگی‌ تایفه‌گه‌ری‌ كرد، هه‌روه‌ها ڕۆڵی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ بواری‌ ئاسایش له‌ به‌رگریكردن له‌ وڵات وپاراستنی‌ هاوڵاتیان و ئاسایشی‌ ناوخۆی‌ به‌رزنرخاند.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com