ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران وه‌رزی‌ یاسادانانی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ یاسادانانی‌ چواره‌می‌ خۆی‌ ده‌ستپێده‌كات وكۆتایی‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ پێنج یاسا دێنێت

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 4/7/2017 له‌ یه‌كه‌مین دانیشتنی‌ ئاسایی‌ خۆی‌ له‌ وه‌رزی‌ یاسادانانی‌ چواره‌مدا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ وئاماده‌بوونی‌ 180 په‌رله‌مانتار، كۆتایی‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ پێنج پرۆژه‌ یاسا دێنێت.
له‌سه‌ره‌تای‌ دانیشتنه‌كه‌دا سه‌رۆك جبوری‌ به‌ناوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ پیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ ره‌مه‌زانی‌ له‌ گه‌لی‌ عیراق كرد وستایش وپێزانینی خۆی‌ رۆڵی‌ هێزه‌كانی‌ عیراقی‌ به‌هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ وحه‌شدی‌ میللی وهۆزه‌كان وپێشمه‌رگه‌ ودایك وباوكانی‌ شه‌هیدان وخێزانه‌كانیان وهه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ رۆڵیان هه‌بوو له‌ رزگاركردنی‌ موسڵ كرد، هه‌روه‌ها سوپاسی‌ خه‌ڵكی‌ موسڵی‌ كرد بۆ خۆڕاگری ئه‌وان له‌به‌رده‌م مه‌ینه‌تیه‌كان.
هه‌روه‌ها جبوری‌ جه‌ختی‌ له‌سه‌ر گرنگی‌ ته‌واوكردنی‌ یاسا گرنگه‌كان كرده‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ نه‌خشه‌یه‌كی‌ یاسایی كاركردن بۆ دواڕۆژی‌ وڵات له‌سایه‌ی‌ ده‌ستور وبنه‌مای‌ هاوڵاتیبوون و ماف و ئه‌ركه‌كان وداوای‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌ن كرد كه‌ ئه‌ركه‌كانیان له‌بواری‌ یاسادانان وجێبه‌جێكردندا له‌ دوا ساڵی‌ یاساداناندا جێبه‌جێ بكه‌ن.
دواتر په‌رله‌مانتار خالید ئه‌سه‌دی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌ناوی‌ هاوپه‌یمانی نشتیمانیه‌وه‌ خوێنده‌وه‌ تێیدا سوپاسی‌ مه‌رجه‌عی‌ گه‌وره‌ سه‌ید عه‌لی‌ سیستانی‌ كرد بۆ ده‌ركردنی‌ فه‌توای‌ جیهادی كیفائی كه‌ شكستهێنانی‌ گواسته‌وه‌ بۆ سه‌ركه‌وتن.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن گووتی‌ كه‌ دادگای‌ فیدرالی‌ بڕیارێكی‌ ده‌ركردووه‌ تێیدا دیاریكردووه‌ كه‌ نابێت ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ خۆی‌ بداته‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردن، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ده‌ستور جه‌ختی‌ له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان كردوته‌وه‌.
دواتر په‌رله‌مانتار عه‌بدولعه‌زیز زالمی به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌ناوی‌ لیژنه‌ی‌ هۆزه‌كان به‌بۆنه‌ی‌ یادی‌ شۆرشی‌ عشرینی زیندوو خوێنده‌وه‌.
ئینجا ئه‌نجومه‌ن كۆتاییهێنا به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ یاسای چوونی‌ عیراق بۆ ناو رێكه‌وتنامه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ زه‌مینی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ساڵی‌ 1975 كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌و خزمه‌تگوزاری‌ وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتاییهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ سزا داراییه‌كان كه‌ له‌ یاسای سزاكانی‌ ژماره‌ (111)ی ساڵی‌ 1969ی‌ هه‌مواركراو ویاسا تایبه‌ته‌كانی‌ تری‌ ژماره‌ (6)ی ساڵی‌ 2008دا هاتووه‌ وله‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌.
دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتاییهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ یه‌كه‌م بۆ یاسای چاپخانه‌ ئه‌هلیه‌كان ژماره‌ (5)ی‌ ساڵی‌ 1999 كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ رۆشنبیری‌ وراگه‌یاندن وئاسایش وبه‌رگرییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتاییهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ یاسای په‌سه‌ندكردنی‌ رێكه‌وتنامه‌ی‌ هاندان و پاراستنی‌ وه‌به‌رهێنانه‌كانی‌ ئاڵوگۆڕكراو له‌نێوان حكومه‌تی‌ كۆماری‌ عیراق وحكومه‌تی‌ كۆماری‌ ئیسلامی ئێران كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌و وئابوری‌ و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.

دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتاییهێنا به‌ تاوتوێكردنی‌ پرۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ یه‌كه‌م بۆ یاسای پارته‌ سیاسیه‌كان ژماره‌ (36)ی ساڵی‌ 2015 كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ یاسایی و داموده‌زگاكانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نیه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.
له‌كۆتاییدا دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 6/7/2017 هه‌ڵگیرا.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com