سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ پێشوازی‌ له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ هاوپه‌یمانی‌ هێزه‌ عیراقیه‌كان ده‌كات و دووپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ زاڵبوونی‌ زمانی‌ گفتوگۆ، عیراق هه‌موو قه‌یرانه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، پێشوازی‌ له‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری‌ فراكسیۆنی‌ هاوپه‌یمانی‌ هێزه‌ عیراقیه‌كان كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ پێشهاته‌كانی‌ بارودۆخی‌ عیراق له‌سه‌ر ئاستی‌ سیاسی‌ وئاسایش وسه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ عیراق به‌سه‌ر تیرۆریستانی‌ داعش له‌ موسڵ كرا، هه‌روه‌ها تاوتوێی‌ دۆسیه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی‌ خۆیان كرا.
هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر قۆناغی‌ دوای‌ داعش وگرنگی‌ سوودوه‌رگرتن له‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش، بۆ به‌هێزكردنی‌ په‌یوه‌ندی برایه‌تی‌ وچه‌سپاندنی‌ سه‌قامگیری‌ وره‌خساندنی‌ بارودۆخی‌ گونجاو بۆ به‌ڕێوه‌چوونی‌ قۆناغی گه‌شه‌پێدان وكردنه‌وه‌ی‌ ئاسووی هاریكاری‌ له‌نێوان عیراق و وڵاتانی‌ دراوسێی‌ عه‌ره‌بی وهه‌رێمیدا.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ ئاماده‌بووان تاوتوێی‌ مه‌ترسیه‌كانی‌ به‌رده‌م ناوچه‌ رزگاركراوه‌كانیان كرد وچۆنیه‌تی‌ پارێزگاریكردن له‌ پێكهاته‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ عیراق وپاڵپشتیكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراتی له‌ وڵاتدا، هه‌روه‌ها پاڵپشتیكردنی‌ ئاراسته‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ په‌ره‌پێدانی‌ بواری‌ خزمه‌تگوزاری‌ وبژێوی‌ هاوڵاتی‌.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ عیراقیه‌كان به‌زاڵكردنی‌ زمانی‌ گفتوگۆ ده‌توانن هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان تێپه‌ڕێنن و گووتی‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ دووچاری‌ قه‌یرانی‌ ئاڵۆز ده‌بێته‌وه‌ وپێویسته‌ ژیرانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌ بكه‌ین وهاوكاری‌ هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌موو عیراقیه‌كاندا زیاتر بكرێت وكار بكه‌ین له‌ژێر سایه‌ی‌ وڵات وده‌ستوردا بۆ جێبه‌جێكردنی‌ هیواو خواسته‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com