سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان پێشوازی‌ له‌ نێردراوی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا ده‌كات وپێشهاته‌كانی‌ سیاسی وبواری‌ ئاسایش له‌ عیراق وبه‌هێزكردنی‌ هاریكاری‌ بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ تێرۆر له‌گه‌ڵیدا تاوتوێده‌كات

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، پێشوازی‌ له‌ نێردراوی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بۆ كاروباری‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌ڕێز برێت ماكغۆرك وبه‌ئاماده‌بوونی‌ باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا دۆگلاس سیلێمان كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ پێشهاته‌كانی‌ بواری‌ سیاسی وئاسایش له‌ عیراق وچۆنیه‌تی‌ به‌هێزكردنی‌ هاوكاری‌ هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ تێرۆر وتوندڕه‌وی‌ وهه‌روه‌ها بواره‌كانی‌ ئابوری‌ و وه‌به‌رهێنان كرا.
سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ كۆتایی‌ داعش نزیكبووته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ له‌سه‌ر رێگای‌ سه‌قامگیری‌، به‌ڵام واتای‌ ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ تیرۆر به‌ته‌واوه‌تی‌ كۆتایی پێهاتووه‌، هه‌ربۆیه‌ ئێمه‌ دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كاری‌ زۆرمان له‌پێشه‌ بۆ دووباره‌ ئاماده‌كردنی‌ هاوڵاتیان له‌ڕووی‌ فیكرییه‌وه‌ وئه‌و كاره‌ش گرنگه‌ به‌قه‌د گرنگی‌ رزگاركردنی‌ جۆگرافی‌، جبوری‌ له‌هه‌مان كاتیشدا كاره‌كانی‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكای‌ له‌ پاڵپشتیكردنی‌ عیراق له‌جه‌نگی‌ دژی‌ تیرۆیستانی‌ داعشدا به‌رزنرخاند.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ گووتی‌ كه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاو كه‌ هاوكاریمان ده‌كات بۆ ره‌خساندنی‌ كه‌شێكی‌ گونجاو بۆ سه‌قامگیری‌ بریتیه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان وكۆتاییهێنان به‌ مه‌ینه‌تیه‌كانیان وجه‌ختكردنه‌ سه‌ر بواری‌ خزمه‌تگوزاری‌ له‌ شاره‌ زیانلێكه‌وتووه‌كان.
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا رێكه‌وتن له‌سه‌ر به‌هێزكردنی‌ گفتوگۆی‌ به‌رهه‌مهێنه‌ر وچاره‌سه‌ركردنی‌ هه‌موو كێشه‌كان و هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زیادكردنی‌ ناكۆكی‌ وئاژاوه‌گێڕی‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ له‌ده‌ستدانی‌ ده‌رفه‌ته‌كانی‌ سه‌قامگیری‌.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ماكغۆرك دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌رده‌وامه‌ له‌ پاڵپشتیكردنی‌ عیراق له‌ جه‌نگی‌ دژی‌ تیرۆردا وپاڵپشتی‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌كات بۆ كاراكردنی‌ هاریكاری‌ ئابوری‌ له‌بواری‌ هه‌رێمی ونێوده‌وڵه‌تیدا.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com