له‌میانه‌ی‌ پێشوازیكردنیدا بۆ نوێنه‌ری‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان

سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان: رزگاركردنی‌ موسڵ له‌ئه‌نجامی‌ خۆڕاگری‌ وقوربانیدانی‌ گه‌لی‌ عیراق بوو له‌پێناو جێبه‌جێكردنی‌ سه‌قامگیری وئاشتی‌ بۆ ناوچه‌كه‌و جیهان
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، له‌ نووسینگه‌ی‌ خۆی، پێشوازی‌ له‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق به‌ڕێز یان كۆبیتش كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ دیارترین پێشهاته‌كانی‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ عیراقی وهه‌رێمیدا كرا و تیشك خرایه‌سه‌ر پێشهاته‌كانی‌ جه‌نگی‌ دژی‌ تیرۆر وسه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان جه‌ختی‌ له‌سه‌ر گرنگی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ هێزه‌كانی‌ عیراق به‌سه‌ر تیرۆریستانی‌ داعش ورزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵ كرده‌وه‌ وگووتی‌ كه‌ خه‌بات و خۆڕاگری‌ گه‌لی‌ عیراق هه‌نگاوێكی‌ گرنگه‌ له‌سه‌ر رێگای‌ چه‌سپاندنی‌ سه‌قامگیری‌ وئاشتی‌ له‌ ناوچه‌كه‌و هه‌موو جیهان وسوپای‌ عیراق سه‌ركه‌وتنێكی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌ده‌ستهێنا و توانی‌ خه‌ونه‌كانی‌ رێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش پووچه‌ڵ بكاته‌وه‌ كه‌ئه‌مه‌ش جێگای‌ شانازییه‌ بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی‌ .
هه‌روه‌ها جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ كاتی‌ ئه‌وه‌هاتووه‌ ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیان و ناوچه‌ زیانپێگه‌یشتووه‌كان ئاوه‌دان بكرێنه‌وه‌ وخزمه‌تگوزاری‌ بۆ هه‌موو پارێزگاكانی‌ وڵات دابین بكرێت وگووتی‌ كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ سوودوه‌رگرتن له‌سه‌ركه‌وتن وره‌خساندنی‌ ده‌رفه‌ت بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ ئابوری‌ له‌وڵاتدا.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز كۆبیتش پیرۆزبایی‌ له‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كرد بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ عیراق به‌سه‌ر تیرۆریستان ورزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵ وله‌هه‌مان كاتدا رۆڵی‌ گه‌لی‌ عیراقی له‌خۆڕاگرتن به‌رامبه‌ر مه‌ینه‌تیه‌كانی‌ شه‌ڕو ئاواره‌بوون وقوربانیدانی له‌پێناو سه‌ركه‌وتندا به‌رزنرخاند ودووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق ده‌رفه‌تێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری‌ وئاشتبوونه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com