سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان تاوتوێی‌ پێشهاته‌كانی‌ بارودۆخی‌ سیاسی‌ وئاسایشی‌ عیراق وناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ باڵیۆزی‌ فه‌ره‌نسا له‌عیراق تاوتوێده‌كات

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌نووسینگه‌ی‌ خۆی‌، پێشوازی‌ له‌ باڵیۆزی‌ فه‌ره‌نسا له‌ عیراق به‌ڕێز بۆرنۆ ئوبییر كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ پێشهاته‌كانی‌ بارودۆخی‌ سیاسی وئاسایشی عیراق وناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندی‌ دووقۆڵی‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات كرا، هه‌روه‌ها تاوتوێی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وهه‌رێمی‌ بۆ پاڵپشتیكردنی‌ عیراق له‌جه‌نگی دژی‌ تیرۆر ودۆسیه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كرا.
سه‌رۆك جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو وڵاتانی‌ هه‌رێمی‌ ونێوده‌وڵه‌تی‌ پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌كان، هه‌روه‌ها جه‌ختی‌ له‌سه‌ر گرنگی‌ فراوانكردنی‌ بواره‌كانی‌ هاوكاری‌ وپه‌یوه‌ندی دووقۆڵی‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات كرده‌وه‌.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ داوایكرد كه‌ گرنگیه‌كی‌ زیاتر به‌ دۆسیه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان ودۆسیه‌ی‌ هاوكاریكردنی‌ ئاواره‌كان بدرێت وستایشی‌ رۆڵی‌ فه‌ره‌نسای‌ له‌م بواره‌دا كرد.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی‌ فه‌ره‌نسا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ پاڵپشتیكردنی‌ عیراق وئاماژه‌ی‌ به‌گرنگی‌ زیادكردنی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌ بۆ له‌ناوبردنی‌ تیرۆر وگه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ سه‌قامگیری‌ بۆ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com