ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌نگ له‌سه‌ر یاسای چاكسازی‌ گیراوه‌كان ده‌دات وتاوتوێی‌ قه‌یرانی‌ ئاو له‌عیراق ده‌كات

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22/7/2017 له‌ حه‌وته‌مین دانیشتنی‌ ئاسایی ساڵی‌ چواره‌می یاسادانانی‌ خۆیدا، به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران وئاماده‌بوونی‌ 186 په‌رله‌مانتار، ده‌نگی‌ له‌سه‌ر یاسای چاكسازی‌ گیراوه‌كان دا وتاوتوێی‌ قه‌یرانی‌ ئاوی‌ له‌عیراق كرد وكۆتایی‌ به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ دوو یاسا هێنا.
سه‌ره‌تا ئه‌نجومه‌ن ده‌نگدانی‌ له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای گیراو به‌ندكراوه‌كان كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی‌ كارو كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ویاسایی وئاسایش وبه‌رگری‌ ومافی‌ مرۆڤه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو ته‌واوكرد.
دواتر په‌رله‌مانتار عه‌باس به‌یاتی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ به‌ناوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران خوێنده‌وه‌، تێیدا ده‌ستدرێژییه‌كانی‌ ئیسرائیل بۆ سه‌ر مزگه‌وتی‌ ئه‌قسا ونوێژكه‌ران ودانانی‌ ده‌رگای‌ ئه‌لیكترۆنی‌ بۆ چوونه‌ژوره‌وه‌ ڕسواو شه‌رمه‌زاركرد.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن به‌ئاماده‌بوونی‌ وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كه‌ پێكهاتبوو له‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ ئاوییه‌كان به‌ڕێز حه‌سه‌ن جه‌نابی و وه‌زیری‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن و شاره‌وانی‌ ئان نافیع و ئه‌مینداری‌ به‌غدا خاتوو زیكرا محمد جابر وبریكاری‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڕێز نه‌زار خه‌یروڵلا وپارێزگاری‌ بابل به‌ڕێز سادق مه‌دلول وسه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا وچه‌ند به‌رپرسێكی‌ تری‌ پارێزگای‌ ناوبراو، تاوتوێی‌ قه‌یرانی‌ ئاوی‌ له‌عیراق كرد.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران داوایكرد به‌یانی‌ یه‌كشه‌ممه‌ دانیشتنێكی‌ تایبه‌ت له‌نێوان جێگرانی‌ پارێزگاری‌ بابل و لیژنه‌ی‌ كشتوكاڵ و زۆنگاوه‌كان و وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ ئاوییه‌كان ببه‌سترێت بۆ تاوتوێكردنی‌ قه‌یرانی‌ ئاو له‌ عیراق وبابل به‌تایبه‌تی‌، به‌مه‌به‌ستی‌ گه‌یشتن به‌راسپارده‌ی‌ یاسایی سه‌ركه‌وتوو، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌دانیشتنی‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ بخرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتایی به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پێشنیاری‌ هه‌مواركردنی‌ یاسای كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هێنا.
دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایی به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ راپۆرتێك هێنا و تاوتوێی‌ پرۆژه‌ یاسای چوونه‌ناوه‌وه‌و به‌شداریكردنی‌ كۆماری‌ عیراق له‌ رێكه‌وتنامه‌ی‌ ئازادی‌ سه‌ندیكایی‌ وپاراستنی‌ رێكخستنی‌ سه‌ندیكایی‌ ژماره‌ (87)ی‌ ساڵی‌ 1948 كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌و داموده‌زگاكانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ وكارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو كرد.
دواتر دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 24/7/2017 هه‌ڵگیرا.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com