جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی عه‌شیره‌ته‌ كورده‌كان كۆبوه‌وه‌

ئارام شێخ محەمەد رایدەگەیەنێ، دروستکردنی‌ هەڕەشە لەسەر ژیان و سەروماڵی‌ سەدان هەزار کورد لەناوەڕاست و باشوری‌ عێراق سەرکێشی‌ و هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی‌، دەشڵێ، دەوڵەت بە دامەزراوە و چەسپاندنی‌ پایەکانی‌ دادەمەزرێت، نەک بە پرسیارکردن.
پاشنیوەڕۆی‌ ئەمڕۆ جێگری‌ سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق لە شاری‌ بەغداد لەگەڵ سەرۆکی‌ عەشیرەتە کوردەکان و چین و توێژە جیاوازەکانی‌ کوردانی‌ شاری‌ بەغداد کۆبۆوە.
تەوەری‌ سەرەکی‌ کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە هەڕەشەکانی‌ ئەمدواییە کە کوردانی‌ ناوەڕاست و باشوری‌ عێراق و بەتایبەتیش کوردانی‌ بەغدا ڕوبەڕوی‌ بونەتەوە دوای‌ وروژاندنی‌ پرسی‌ ڕیفراندۆم.
ئارام شێح محەمەد وێڕایی‌ دەربڕینی‌ نیگەرانی‌، وتی‌، لەگەڵ لایەنە سیاسی‌ و دەزگا پەیوەندارەکانی‌ حکومەتی‌ عێراق قسەی‌ جدیمان لەسەر ئەو مەسەلەیە کردوە و لە بەدواداچونی‌ بەردەوامیشداین، تەئکیدیش کرد ئەمە یەکێکە لەو سەرکێشیە پڕ مەترسیانەی‌ کە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت وروژاندنی‌ پرسی‌ ڕیفراندۆم بڕیارێکی‌ سەرپێییەو خوێندنەوەی‌ بۆ ژیان و سەروماڵی‌ سەدان هەزار هاوڵاتی‌ و خێزان نەکردووە کە لە دەرەوەی‌ ناوچەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستان دەژین.
وتیشی‌: ئێمە دژی‌ ئەوەین پرسی‌ ڕیفراندۆم پەیوەستبکرێت بە ململانێی‌ سیاسی‌ بەڵکو ترسمان لە ورژاندنی‌ مەسەلەی‌ ڕیفراندۆم بەدەرجەی‌ یەک ترسە لە ژیان و وچارەنوسی‌ ملیۆنان هاوڵاتی‌ لەهەرێمی‌ کوردستان و سەدان هەزار ئینسانی‌ کورد لە ناوچەکانی‌ ناوەڕاست و باشوری‌ عێراق، کە ناکرێت بێ هەنگاوێکی‌ مەدروس و دڵنیایی‌ تەواو، چارەنوسیان بدرێتە دەست قەدەر و مەزاجی‌ شەخسی‌ و یاری‌ سیاسی‌ پێوەبکرێت .
ئارام شێخ محەمەد ڕاشیگەیاند: دوو ساڵ لەمەوبەر پێیانوتین ئابوری سەربەخۆ دەکەین و پێویستمان بە بەغدا نامێنێت، زۆرمان پێوتن گوییان لێنەگرتین، ئەوەش نەتیجەکەیەتی‌ خەڵکی‌ کوردستانیان خستۆتە دۆخێکەوە کە هاوتای‌ گەلە هەژار و نەدارەکانی‌ دونیایە، دوای‌ چەندین ساڵ لەفرۆشتنی‌ نەوت و هاتنی‌ ملیارەها دۆلار لەبەغداوە بۆ کوردستان، نەک خاوەنی‌ دۆلارێکی‌ پارەی‌ یەدەگ نین، بگرە خەڵکیان خستۆتە ژێر باری‌ ملیارەها دۆلاری‌ قەرزەوە، کە خۆیان نەبێت کەس نازانێت چۆنیان خەرجکردوە.
لەبەشێکی‌ تری‌ قسەکانیدا ڕایگەیاند: ئێمە ڕاشکاوانە وتومانە دەوڵەت بەقسە دروستناکرێت، ئەگەر بەفیعلی‌ ئامانجی‌ دروستکردنی‌ دەوڵەتیان هەبوایە، خاوەنی‌ هێزێکی‌ یەکگرتوی‌ پرۆفشیناڵی‌ پۆشتەو ڕاهێنراوبوین و ژیان و موچەی‌ دەستەبەرکراوبو بۆ پارێزگاریکردن لەدەوڵەتەکەمان ، خاوەنی‌ ئابوری‌ تێراخۆ بوین خەڵکمان لەمەترسی‌ برسێتی‌ ئەپاراست، بەڵام بەداخەوە نەبوینە خاوەنی‌ هیچکام لەمانە، چونکە دەوڵەت ئامانج نەبوە.
تەئکیدیشی‌ کرد، دەوڵەت خەونی‌ هەموو تاکێکی‌ کوردە، پێویست ناکات پرسیاری‌ ئەوەی‌ لێبکرێت دەوڵەتت دەوێت یان نا، بەڵکو ئەوەی‌ گرنگ بو کارێکیان بکردایە یان نمویەکی‌ وایان پێشکەشکردایە کە خەڵک و دونیای‌ دەرەوەش متمانەی‌ پێیان هەبوایە.
هەر لەکۆبونەوەکەدا کوردانی‌ شاری‌ بەغدا داوایان لە ئارام شێخ محەمەد کرد لەرێی‌ فراکسیۆنە کوردییەکانەوە دەنگیان بگەیەنێتە بەرپرسانی‌ کوردستان و شەقامی‌ کوردی‌ کە ئەنجامدانی‌ ڕیفراندۆم بەبێ ڕەچاوکردنی‌ ژیان و ژینگە و چارنوسی‌ ئەوان کارەساتی‌ گەورەی‌ لێدەکەوێتەوە، تەئکیدشیان کرد، ئەگەر ڕای‌ خەڵک جەوهەری‌ مەسەلەی‌ ڕیفراندۆم بێت، ناکرێت دەنگی‌ سەدان هەزار کورد لەناوچەکانی‌ دەرەوەی‌ هەرێم بەهەند وەرنەگیرێت و هیچ پرس و ڕایەکیان پێنەکرێت.
لای‌ خۆیەوە جێگری‌ سەرۆکی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران بەڵێنی‌ پێدان هەوڵەکانی‌ درێژەپێبدات لەو چوارچێوەیەدا و دانیشتن و کۆبونەوەکانیشی‌ لەگەڵ کوردانی‌ ناوچەکانی‌ ناوەڕاست و باشوری‌ عێراق بەدەوام دەبێت.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com