سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: هیواخوازین نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رۆڵی گه‌وره‌تر له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره رزگاركراوه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیاندا ببینێت
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، له‌نووسینگه‌ی خۆی، پێشوازی له نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عیراق به‌ڕێز یان كۆبیتش كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی دیارترین پێشهاته‌كانی سیاسی وئاسایشی وڵات و ده‌ركردنی یاسا گرنگه‌كان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه كرا، هه‌روه‌ها تاوتوێی دۆسیه‌ی ئاواره‌كان و هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان كرا.
جبوری گووتی:” هیواخوازین نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان رۆڵی گه‌وره‌تر ببینێت له‌بواری هاوكاری مرۆڤی وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره زیانپێگه‌یشتووه‌كان وپه‌له‌كردن له گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان”.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی په‌رله‌مان رونیكرده‌وه كه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ماوه‌ی رابردوودا توانی چه‌ندین یاسای گرنگ كه خزمه‌تی راسته‌وخۆ به هاوڵاتیانی عیراقی ده‌گه‌ێنێت ده‌ربكات و گووتی كه په‌رله‌مان كارده‌كات بۆ ته‌واوكردنی یاسا تایبه‌ته‌كان به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بۆ ئه‌وه‌ی ببێته زامنێك بۆ به‌شداری كارای گه‌لی عیراق له‌م پرۆسه‌یه‌دا، هه‌روه‌ها گووتی كه په‌رله‌مان به‌رده‌وامه له جێبه‌جێكردنی كاری چاودێری خۆی له‌سه‌ر ده‌زگاكانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه به‌ڕێز یان كۆبیتش ستایشی رۆڵی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كرد له ده‌ركردنی ئه‌و یاسانه‌ی كه ده‌بنه هۆی به‌هێزكردنی سه‌قامگیری وڵات.