جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێشوازیكرد له‌ باڵیۆزی ئوسترالیا له‌ عێراق

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێشوازیكرد له‌ كریستۆڤه‌ر لانگمان، باڵیۆزی‌ ئوسترالیا له‌ به‌غدا و پێكه‌وه‌ تاوتوێی چه‌ند پرسێكی سه‌ر گۆڕه‌پانی عێراق و دوا گۆڕانكارییه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانییان كرد.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردولا باسیان له‌و رێگایانه‌ كرد كه هاوكارییه‌كان له‌ نێوان هه‌ردووڵاتدا په‌ره‌پێده‌دات و هیواشیان خواست كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ئارام شێخ محه‌مه‌د، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئوسترالیا ده‌ربڕی له‌به‌رامبه‌ر هاوكاریكردنی گه‌لی عێراق له‌شه‌ڕی‌ دژی‌ تیرۆر و رایگه‌یاند: “ئاڵنگاری زۆر روبه‌ڕووی وڵات بوه‌ته‌وه‌و پێویسته‌ هه‌مو سیاسییه‌كان و هێزه‌ نیشتمانییه‌كان خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن بۆ قۆناغی دوای داعش و ره‌خساندنی ره‌وشه‌كه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان و گرنگی بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ چه‌مكه‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌و قبوڵكردنی به‌رامبه‌ر و كاركردن له‌ پێناو سه‌قامگیری وڵات”.
له‌و دیداره‌دا جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پیرۆزبایی كرد له‌ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی شاری‌ ته‌له‌عفه‌ر و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی به‌سه‌ر تیرۆریستانی‌ داعشدا.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی ئوسترالیا ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی‌ به‌رزنرخاند، كه‌ له‌ رووی‌ ئاسایشه‌وه‌ له‌ عێراق به‌دیهاتون و ته‌ئكیدی له‌ به‌رده‌وامی هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ عێراق و پێشكه‌شكردنی كۆمه‌كی به‌ ئاواره‌كان كرده‌وه‌، هاوكات جه‌ختی‌ كرد له‌ پێویستی‌ خێرا ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی ئاسایی بۆ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com