ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراقه‌وه‌

بیستنی‌ هه‌واڵی‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ئازادییه‌كان خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ مۆدیل و پێناسه‌ی‌ سیمایه‌كی‌ ناشرینی‌ ژیانكردن له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، لێدان و فڕاندن و سوكایه‌تیكردن به‌هه‌ڵگرانی‌ بیروڕای‌ جیاواز و شكاندنی‌ شكۆی‌ سیمبولی‌ پیرۆزییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان جگه‌ له‌به‌دكاری‌ و بێمه‌نتی‌ هیچی‌ ترمان پێناڵێت.
له‌كاتێكدا چاوه‌ڕوانبوین به‌رپرسانی‌ ئه‌منیی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بكه‌رانی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر مامۆستای‌ ئاینی‌ مه‌لا سامان ئاشكرابكه‌ن و ڕاپێچی‌ دادگایان بكه‌ن، ئه‌مڕۆ شاهیدی‌ فڕاندن و لێدانی‌ كاك فه‌رهاد سه‌نگاوی‌ ده‌بین.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م ڕه‌فتار و كرده‌وه‌ نائینسانی‌ و تۆقێنه‌ره‌ به‌توندی‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ین، به‌پێویستی‌ ده‌زانین ده‌زگا ئه‌منیه‌كان هه‌وڵی‌ جدی‌ بده‌ن بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ و كاڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌ كه‌ جگه‌ له‌ برسێتی‌ و ناعه‌داله‌تی‌، خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌فه‌له‌تانێكی‌ ئه‌منی ترسناكدا ده‌ژی و هه‌ر تاكێكی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ له‌هه‌موو ئان و ساتێكدا له‌سه‌ر وتنی‌ قسه‌یه‌كی‌ جیاواز، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ببێته‌ ئامانج و كه‌رامه‌تی‌ بشكێنرێت.
به‌تایبه‌ت ماوه‌یه‌كی‌ درێژه‌ شاری‌ سلێمانی‌ ڕوداوی‌ له‌م چه‌شنه‌ی‌ به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌و ناكرێ له‌پایته‌ختی‌ ڕۆشنبیری‌ كوردستان په‌رله‌مانتار و مامۆستای‌ ئاینی‌ ڕوبه‌ڕوی‌ فڕاندن و هه‌ڕه‌شه‌ و لێدان ببنه‌وه‌ به‌ به‌رچاوی‌ دونیاوه‌.
جارێكی‌ تر جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌پێویستی‌ چڕكردنه‌وه‌ی‌ هه‌وڵی‌ داوده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ بكه‌رانی‌ ئه‌م كاره‌ نه‌شیاو و قێزه‌ونانه‌و دانانی‌ سنورێك بۆ په‌لاماردانی‌ ئازادییه‌كان.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com