ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كۆتایی به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ سێ پرۆژه‌ یاسا دێنێت و ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌باره‌ت به‌ گشتپرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌دات

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12/9/2017 له‌ حه‌ڤده‌هه‌مین دانیشتنی‌ ئاسایی خۆی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ وئاماده‌بوونی‌ 168 په‌رله‌مانتار، كۆتایی به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ سێ پرۆژه‌ یاسا دێنێت و ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌باره‌ت به‌ گشتپرسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌دات.
له‌سه‌ره‌تای‌ دانیشتنه‌كه‌ به‌ڕێز جبوری‌ به‌ناوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی‌ گه‌لی‌ عیراق كرد به‌بۆنه‌ی‌ جه‌ژنی‌ قوربانی‌ پیرۆز و جه‌ژنی‌ غه‌دیر و رزگاركردنی‌ قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ر له‌تیرۆریستانی‌ داعش وهیوای‌ خواست كه‌ ناوچه‌كانی‌ شرگات و رۆژئاوای‌ ئه‌نبارو حه‌ویجه‌ش رزگار بكرێن وكاربكرێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان وده‌ست به‌ كاره‌كانی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان بكرێت.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن جه‌ختی‌ له‌سه‌ر گرنگی‌ په‌له‌كردن له‌ ده‌ركردنی‌ زۆرترین ژماره‌ به‌ یاسا گرنگه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌ن نوێنه‌ران كرده‌وه‌ و دیاریكرد كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پرۆژه‌كانی‌ دابه‌شكردنی‌ وڵات ره‌تده‌كاته‌وه‌ و تاوانه‌كانی‌ دژی‌ موسڵمانانی‌ رۆهینگا رسواو شه‌رمه‌زاركرد وداوایكرد كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كاربكات بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و جۆره‌ تاوانانه‌.
دواتر په‌رله‌مانتار محمد ته‌قی‌ مه‌ولا به‌یاننامه‌یه‌كی‌ خوێنده‌وه‌ تێیدا رزگاركردنی‌ قه‌زای‌ ته‌له‌عفه‌ری‌ له‌ تیرۆریستانی‌ داعش پیرۆزكرد.
هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتار عه‌بدولره‌حیم شمه‌ری‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ سه‌باره‌ت شاری‌ موسڵ خوێنده‌وه‌ تێیدا داوایكرد هه‌موولایه‌ك كاربكه‌ن بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ژیان بۆ شاره‌كه‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ تیرۆریستان دڕندانه‌ترین تاوانیان دژی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ ئه‌نجامدا.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر ژماردنی‌ شاره‌كانی‌ موسڵ وته‌له‌عفه‌ر وه‌كو ناوچه‌ی‌ وێرانبوو.
دواتر په‌رله‌مانتار عه‌باس به‌یاتی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌ینه‌تیه‌كانی‌ موسڵمانانی‌ رۆهینگا له‌ میانمار خوێنده‌وه‌، تێیدا كرده‌وه‌كانی‌ كوشتن و ده‌ستدرێژیكردنی‌ به‌ به‌رنامه‌ بۆ سه‌ر موسڵمانانی‌ رۆهینگا له‌لایه‌ن ته‌ندڕه‌وه‌كانی‌ بوزی‌ له‌ئێستاو رابردوودا ڕسواو شه‌رمه‌زاركرد، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتار به‌یاتی‌ پیرۆزبایی‌ جه‌ژنی‌ غه‌دیری‌ له‌ گه‌لی‌ عیراق كرد.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كه‌له‌لایه‌ن 80 په‌رله‌مانتاره‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو تێیدا راپرسیه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ڕه‌تكرایه‌وه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتایهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پێشنیاری‌ یاسای پسووله‌ی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ خۆراك كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی‌ دارایی و خزمه‌تگوزاری‌ وئاوه‌دانكردنه‌وه‌و ئابوری‌ و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.
دواتر ئه‌نجومه‌ن راپۆرتێكی‌ خوێنده‌وه‌و پرۆژه‌ یاسای كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ نشتیمانی‌ عیراقی كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ نه‌وت و وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو تاوتوێكرد.

دواتر ئه‌نجومه‌ن راپۆرتێكی‌ خوێنده‌وه‌و پێشنیاری‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ یه‌كه‌م بۆ یاسای وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با ژماره‌ (53)ی‌ ساڵی‌ 2017 كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ نه‌وت و وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو تاوتوێكرد.
له‌لایه‌كی‌ تر، په‌رله‌مانتار لوما حه‌لفی‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئافره‌ت و خێزان و منداڵ پلانی ستراتیجی بۆ په‌ره‌پێدانی‌ كاری‌ لیژنه‌كه‌ی‌ خوێنده‌وه‌ وئاماژه‌یكرد كه‌ لیژنه‌ به‌پێی‌ بنه‌ماكانی‌ ده‌ستور وبه‌رنامه‌ی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كارده‌كات بۆ ئاماده‌كردنی‌ پلانه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ پێنج ساڵ و دانانی‌ پلانێكی‌ فراوانی‌ كاركردن بۆ هه‌ر چالاكیه‌ك له‌گه‌ڵ دیاریكردنی‌ واده‌و بودجه‌ی‌ ته‌رخانكراو بۆی‌، هه‌روه‌ها دانانی‌ تیڕوانین و سیاسه‌تێكی‌ ڕوون و هه‌مه‌لایه‌ن سه‌باره‌ت به‌ خێزان و منداڵ، هه‌روه‌ها لیژنه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌گرنگی‌ دانانی‌ ستراتیجیه‌تێكی‌ نشتیمانی‌ به‌رده‌وام كرد بۆ رێگه‌خۆشكردن بۆ ئافره‌ت وپاراستنی‌ خێزان و منداڵ.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك جبوری‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ ئافره‌ت و خێزان ومنداڵ وزانیارییه‌ گرنگه‌كانی‌ ناو راپۆرته‌كه‌ی‌ به‌رزنرخاند.
دواتر دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ 14/9/2017 هه‌ڵگیرا.
فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
12/9/2017


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com