کۆبونەوەی‌ سەرۆکایەتی و فراکسیۆنە کوردییەکان لە نوسینگەی‌ جێگری‌ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچو

ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ عيراق و سه‌رۆكی‌ كوتله‌ عه‌ره‌بیه‌كان داوا له‌ نوێنه‌رانی‌ كورد ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان و كۆتایی‌ به‌ بایكۆت بێنن.

پاشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ له‌ نوسینگه‌ی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئارام شێخ محه‌مه‌د، ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا و ئیئتلافی‌ عيراقیه‌ و فه‌زیله‌ و چه‌ند فراكسیۆنێكی‌ تر له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان كۆبونه‌وه‌ بۆ تاوتوێكردنی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ بایكۆتی‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عيراق.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا نوێنه‌رانی‌ كورد نیگه‌رانییه‌كانی‌ خۆیان گه‌یانده‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ عيراق و ڕایانگه‌یاند: ناكرێت ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌كاتی‌ توندبونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كاندا به‌وشێوه‌یه‌ بێته‌ سه‌رخه‌ت و ڕه‌خنه‌ی‌ توندیشیان له‌بڕیاری‌ واڵاكردنی‌ ده‌ستی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق بۆ به‌كارهێنانی‌ هه‌موو ڕێكاره‌كان له‌مه‌سه‌له‌ی‌ ڕاپرسی‌ گرت.

لای‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن ڕایگه‌یاند كه سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان هیچ كام له‌و یاسایانه‌ی‌ نه‌خستۆته‌ ناو به‌رنامه‌ی‌ كار و دانیشتنه‌كانه‌وه‌ و به‌ده‌نگی‌ زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران خراوه‌ته‌ ناو خشته‌ی‌ كاره‌كان، وتیشی‌: هه‌موو بڕیاره‌كانی‌ په‌رله‌مان له‌ چوارچێوه‌ی‌ ڕێكاره‌ یاساییه‌كان و ڕێوشوێنه‌ دیموكراسیه‌كاندا بوه‌.

سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان وتیشی‌: بڕیاری‌ واڵاكردنی‌ ده‌ستی‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌مه‌سه‌له‌ی‌ ڕیفراندۆم لابراوه‌ و داواشی‌ له‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان كرد بۆ به‌شداریكردن له‌ بڕیار و په‌سه‌ندكردنی‌ یاساكان و په‌رله‌مانتارانی‌ كورد به‌شداری‌ كۆبونه‌وه‌كان بكه‌نه‌وه‌.

دواتر ئارام شێخ محه‌مه‌د و سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان به‌جیا كۆبونه‌وه‌ بۆ تاتوێكردنی‌ پرسی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی و بڕیاره‌ سبه‌ینێش كۆبونه‌وه‌و دانیشتنه‌كان به‌رده‌وامبن بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ گونجاو بۆ كێشه‌كان و بڕیار له‌باره‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان بدرێت.

 

 

 


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com