ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌دات و تاوتوێی‌ بارودۆخی‌ به‌سرا ده‌كات

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18/9/2017 له‌ بیسته‌مین دانیشتنی‌ ئاسایی خۆیدا،‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ وئاماده‌بوونی‌ 172 په‌رله‌مانتار، ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌دات و تاوتوێی‌ بارودۆخی‌ ئاسایش و خزمه‌تگوزاری‌ له‌پارێزگای‌ به‌سرا ده‌كات، سه‌ره‌ڕای‌ تاوتوێكردنی‌ راپۆرتی لیژنه‌ی‌ پسپۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان.
له‌سه‌ره‌تای‌ دانیشتنه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌ن بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌باره‌ت به‌خه‌رجكردنی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بۆ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌واو ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستیان به‌كاره‌كانی‌ خۆیان كردووه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ مافی مرۆڤه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو په‌سه‌ندكرد.
دواتر لیژنه‌ی‌ ئاسایش و به‌رگری‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ خوێنده‌وه‌ تێیدا ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی‌ پارێزگای‌ زیقار كه‌ ده‌یان شه‌هیدی‌ لێكه‌وته‌وه‌ ڕسواو شه‌مه‌زاركرد وله‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌ن راسپارده‌كانی‌ لیژنه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كه‌ په‌سه‌ندكرد.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بڕیارێكی‌ خوێنده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ ئه‌ندامێتی‌ په‌رله‌مانتار فارس ئه‌لفارس تا ئه‌و كاته‌ی‌ داوای‌ لێبوردن بكات و هه‌ڵسوكه‌وته‌كه‌ی‌ به‌ تاوانی ده‌ستدرێژیكردن له‌قه‌ڵه‌مدا و داوای له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ كرد رێوشوێنی‌ پێویست به‌رامبه‌ری‌ بگرێته‌به‌ر له‌گه‌ڵ به‌رزكردنی‌ دۆسیه‌كه‌ی‌ بۆ لیژنه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بنه‌ماكانی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ دیاریكردنی‌ سزای گونجاو كه‌ له‌وانه‌یه‌ بگاته‌ راده‌ی‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ وپۆستی‌ ئه‌ندامبوونی‌ له‌ په‌رله‌مان به‌هۆی‌ سه‌رپێچیكردنی‌ بۆ په‌یڕه‌وی‌ گشتی‌ ناو دانیشتنه‌كه‌ وبێ ڕێزی‌ وشكاندنی‌ شكۆمه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك جبوری‌ فه‌رمانیدا به‌ هه‌ڵپه‌ساردنی‌ ئه‌ندامێتی‌ په‌رله‌مانتار شروق عه‌بایه‌چی‌ بۆ ماوه‌ی‌ 6 رۆژ وسڕینه‌وه‌ی‌ ووته‌كانی‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌كه‌ی‌ بۆ لیژنه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بنه‌ماكانی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ په‌رله‌مانی‌ بۆ گرتنه‌به‌ری‌ رێوشوێنی‌ پێویست به‌رامبه‌ری‌ به‌هۆی‌ هه‌لسوكه‌وته‌كانی‌ وتێكدانی‌ په‌یڕه‌وی‌ گشتی‌ ناو دانیشتنه‌كه‌ وسه‌رپێچیكردنی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ په‌رله‌مانی‌ وبۆ پاراستنی‌ شكۆمه‌ندی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
دواتر ئه‌نجومه‌ن بارودۆخی‌ ئاسایش و خزمه‌تگوزاری‌ له‌ پارێزگای‌ به‌سرا تاوتوێكرد.
هه‌روه‌ها جبوری‌ ناوی‌ چه‌ند په‌رله‌مانتاری‌ خسته‌ڕوو ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ئاگاداری‌ كۆتایی ئاراسته‌یان كراوه‌ به‌هۆی‌ گه‌یشتنی‌ راده‌ی‌ ئاماده‌نه‌بوونیان بۆ ئاستی‌ كۆتایهێنان به‌ ئه‌ندامێتی ئه‌وان به‌پێی‌ یاسا.
سه‌باره‌ت به‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، سه‌رۆك جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ كاری‌ كۆمسیۆن له‌ رۆژی‌ 20 ئه‌و مانگه‌ كۆتایی پێدێت وئه‌مه‌ش ئه‌ركی‌ ته‌واوكردنی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواركردنی‌ پرۆژه‌ یاسای تایبه‌ت به‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان یان درێژكردنه‌وه‌ی‌ كاری‌ كۆمسیۆنی‌ ئێستا ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران.
دواتر لیژنه‌ی‌ پسپۆڕانی‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان راپۆرتێكی‌ سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كانی‌ هه‌ر له‌ده‌سپێكی‌ كاره‌كانی‌ له‌ 9/2/2017 به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن ئارام شێخ محمد پێشكه‌شكرد.
له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ په‌رله‌مانتار فارس ئه‌لفارس داوای‌ لێبوردنی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و په‌رله‌مانتار محمد كه‌ربولی‌ كرد بۆ ئه‌و ناكۆكیه‌ی‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌دا رویدا.

له‌كۆتاییدا دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 19/9/2017 هه‌ڵگیرا.

فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
18/9/2017


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com