ئارام شێخ محه‌مه‌د ڕایده‌گه‌یه‌نێت بۆ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان: بۆیه له‌به‌غداین تا ڕێگری بكه‌ین له ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری كێشه‌كانی نێوان به‌غداد وهه‌ولێر
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ڕێز ئارام شێخ محمد، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، له‌شاری به‌غداد، پێشوازی له نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له عێراق به‌ڕێز یان كۆبیچ كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی پێشهات و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كرا‌و له‌ومیانه‌دا ئارام شێخ محه‌مه‌د ڕایگه‌یاند: هه‌مو هه‌وڵه‌كانمان خستۆته‌گه‌ڕ تا دۆخه‌كه به‌ئاقارێكدا نه‌ڕوات كه خه‌ڵكی عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی لێی زه‌ره‌رمه‌ندبن، وتیشی: ترسی گه‌وره‌مان هه‌یه ئه‌م ئاڵۆزییانه‌ش بچنه سه‌ر كێشه كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی چه‌ند ساڵی ڕابردوی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كه ته‌نها خه‌ڵكی هه‌ژار باجه‌كه‌ی ده‌دات.
ئارام شێح محه‌مه‌د باسی له‌وه‌شكرد: هه‌ڵوێستی ئێمه له‌سه‌ره‌تاوه ڕون و واقیعی بو و وتمان ئه‌و هه‌نگاوه نامهدروسهو زیانی گه‌وره به‌گه‌له‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه گوێیان له‌ئێمه‌و وڵاتانی دۆست نه‌گرت، دووپاتیشیكرده‌وه كرده‌وه كه توندڕه‌وی و ده‌مارگیری و نانه‌وه‌ی پشێوی له هه‌ر لایهكهوهبێت خزمه‌تی دۆخه‌كه ناكات و به‌زیانی خه‌ڵك ده‌شكێته‌وه‌و به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك دژی ده‌وه‌ستنه‌وه، به‌پێویستیشی زانی له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا هه‌نگاوی عه‌قڵانی و زمانی لێكگه‌یشتن زاڵبكرێت.
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌هه‌وڵه‌كانی كرد و وتی: له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی هێز و لایه‌نه عێراقیه‌كان له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان و بڕیاره سبه‌ینێش كۆمه‌ڵێك دیدار و كۆبونه‌وه‌ی گرنگ ئه‌نجامبده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی به‌په‌له بۆ دۆخه‌كه.
له‌لای خۆیه‌وه نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ڕایگه‌یاند: له‌چه‌ندین كه‌ناڵی جیاوازه‌وه هه‌وڵه‌كانیان خستۆتهگهڕو به‌رده‌وامیش ده‌بن تا تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش گه‌ڵاڵه ده‌بێت بۆ كۆتاییهێنان بهگرژییهكان و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه.
نوسینگه‌ی ڕۆژنامه‌وانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق