سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بۆ باڵیۆزی‌ توركیا: قۆناغی داهاتوو پێویستی‌ به‌ هه‌وڵ و ماندوبونێكی‌ زۆر هه‌یه‌ وپێویسته‌ گفتوگۆیه‌كی‌ راشكاوانه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا ئه‌نجام بدرێت بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ئالنگارییه‌كان

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌، له‌نووسینگه‌ی‌ خۆی، پێشوازی‌ له‌ باڵیۆزی‌ توركیا له‌ عیراق به‌ڕێز فاتیح یه‌لدز كرد.

له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ دوایین پێشهاته‌كانی‌ ئاسایش و بواری‌ سیاسی عیراق وناوچه‌كه‌ وبه‌هێزكردنی‌ په‌یوه‌ندی دووقۆڵی‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات له‌هه‌موو بواره‌كانی‌ ئاسایش و سیاسی وئابوریدا كرا.

جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ :” قۆناغی داهاتوو پێویستی‌ به‌ هه‌وڵ و ماندوبونێكی‌ زۆر هه‌یه‌ وپێویسته‌ گفتوگۆیه‌كی‌ راشكاوانه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا ئه‌نجام بدرێت بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ئالنگارییه‌كانی‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ سیاسی وڵاتدا”، هه‌روه‌ها گووتی‌:” په‌رله‌مان له‌رێگه‌ی‌ ده‌ركردنی‌ یاسای‌ پێویستدا كارده‌كات بۆ نه‌هێشتنی‌ هه‌موو به‌ربه‌سته‌كان وكاراكردنی‌ ئاشتبوونه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ وبه‌هێزكردنی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری‌ عیراق”.

هه‌روه‌ها جبوری‌ رونیكرده‌وه‌ كه‌ دووباره‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ فیدرالی‌ له‌هه‌موو ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، كارێكی‌ ده‌ستورییه‌ بۆ سه‌پاندنی‌ هه‌یبه‌تی‌ ده‌وڵه‌ت وده‌سه‌ڵاتی‌ یاسا له‌و ناوچانه‌دا و داوای‌ له‌هه‌موولایه‌ك كرد كار بكه‌ن بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخه‌كه‌ و ده‌ستكردن به‌ گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ناكۆكیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ده‌ستوری‌.

هه‌روه‌ها جبوری‌ رۆڵی‌ توركیای له‌ پاڵپشتیكردنی‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ودۆسیه‌ی‌ به‌هاناوه‌چوونی‌ ئاواره‌كان به‌رزنرخاند.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی‌ توركیا پاڵپشتی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق و هاوكاریكردنی‌ له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا پێشاندا.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com