سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران: له‌قۆناغی داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ پشت به‌توانای‌ گه‌نجان له‌هه‌موو بواره‌كاندا ده‌به‌ستین

له‌میانه‌ی‌ پێشوازیكردنیدا بۆ شاندێكی‌ لاوانی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌ددین…
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دووپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌قۆناغی داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ پشت به‌توانای‌ گه‌نجان له‌هه‌موو بواره‌كاندا ده‌به‌ستین.
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، به‌ئاماده‌بوونی‌ په‌رله‌مانتار عه‌بدولقه‌هار سامه‌رائی، پێشوازی‌ له‌ شاندێكی‌ لاوانی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌ددین كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ دیارترین ئالنگارییه‌كانی‌ به‌رده‌م ژیانی رۆژانه‌ی‌ لاوان و چۆنیه‌تی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ خێرا بۆ باشتركردنی‌ ژیانیان كرا.
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن جه‌ختی‌ له‌سه‌ر گرنگی‌ كاركردنی‌ هه‌موولایه‌ك كرده‌وه‌ بۆ پاراستنی‌ سه‌قامگیری‌ پارێزگاكه‌ له‌ڕووی‌ ئاسایشه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بتوانن خزمه‌تگوزاری‌ بۆ هاوڵاتیان دابین بكه‌ن، هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق له‌به‌رده‌م قۆناغێكی‌ نوێدایه‌ و پێویسته‌ لاپه‌ڕه‌ی‌ رابردوو هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ و ده‌ست بكه‌ین به‌قۆناغی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان به‌زووترین كات بۆ ناوچه‌كانی‌ خۆیان.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ گووتی‌:” له‌قۆناغی داهاتوودا به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ پشت به‌توانای‌ گه‌نجان له‌هه‌موو بواره‌كاندا ده‌به‌ستین”، وداوای‌ له‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌ت كرد پاڵپشتی هه‌موو توێژه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگا بكه‌ن به‌تایبه‌تی‌ گه‌نجان كه‌ خاوه‌نی‌ گیانێكی‌ نشتیمانی به‌رزن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ شاندی میوان رۆڵی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن له‌پاڵپشتیكردنی‌ لاوان وده‌ركردنی‌ یاسای پێویست بۆ باشتركردنی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌ی‌ هاوڵاتیان به‌رزنرخاند.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com