سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران پێشوازی‌ له‌ باڵیۆزی‌ به‌ریتانیا ده‌كات به‌بۆنه‌ی‌ كۆتایهاتنی‌ كاره‌كانی‌ له‌عیراق

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، پێشوازی‌ له‌ باڵیۆزی‌ به‌ریتانیا له‌ عیراق به‌ڕێز فرانك بیكه‌ر كرد به‌بۆنه‌ی‌ كۆتاییهاتنی‌ كاره‌كانی‌ له‌عیراق.
له‌ سه‌ره‌تای‌ دیداره‌كه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران رۆڵی‌ باڵیۆزی‌ به‌ریتانیا به‌ڕێز فرانك بیكه‌ر له‌ به‌هێزكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ دۆستانه‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات و په‌ره‌پێدانی‌ په‌یوه‌ندی دووقۆڵی‌ وهاوكاریكردنی‌ راسته‌قینه‌ی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ عیراق به‌رزنرخاند.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ پێشهاته‌كانی‌ بواری‌ ئاسایش و سیاسی و چۆنیه‌تی‌ به‌رده‌وامبوونی‌ هاوكاری‌ له‌ نێوان عیراق وهاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ راودونانی‌ تیرۆریستانی‌ داعش ورێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌و جیهاندا كرا، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ خێراو گه‌وره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ عیراق له‌ ناوچه‌كانی‌ رۆژئاوای‌ ئه‌نبار به‌سه‌ر تیرۆریستاندا كه‌ دواییان رزگاركردنی‌ قه‌زای‌ قائیم بوو.
سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌و قه‌یرانه‌كان، هه‌ردوولا كۆكبوون له‌سه‌ر گرنگی‌ به‌رده‌وامبوونی‌ گفتوگۆ له‌م قۆناغه‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ هه‌موو كێشه‌و قه‌یرانه‌كان به‌تایبه‌تی‌ له‌نێوان هه‌رێم وناوه‌ندا، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر چه‌سپاندنی سه‌قامگیری‌ وگێڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی‌ خۆیان كرایه‌وه‌ وله‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌رده‌وام بێت له‌ پاڵپشتیكردنی‌ عیراق له‌بواری‌ سه‌ربازی‌ و مرۆڤیدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت قه‌یرانه‌كان تێپه‌ڕێنێت و تاقمه‌ تیرۆریستیه‌كان له‌ناوببرێن.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ دۆسیه‌ی‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ورێوشوێنه‌كانی‌ ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌پاندنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌ و دۆسیه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مان كرا.

 


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com