ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌نگ له‌سه‌ر دوو یاسا ده‌دات و كۆتایی به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ پێنج یاسا دێنێت

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14/11/2017، له‌ سییه‌مین دانیشتنی‌ ئاسایی خۆیدا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران شێخ هومام حه‌مودی‌ وبه‌ئاماده‌بوونی‌ 170 په‌رله‌مانتار، ده‌نگ له‌سه‌ر دوو یاسا ده‌دات و كۆتایی به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ پێنج پرۆژه‌و پێشنیاری‌ یاسا دێنێت.

له‌سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌ جێگری‌ یه‌كه‌می‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران سه‌ره‌خۆشی‌ له‌ كه‌سوكاری‌ قوربانیانی بۆمه‌له‌رزه‌كه‌ی‌ كرد وداوای له‌ حكومه‌ت كرد ته‌واوی‌ مافه‌كان بداته‌ ناوچه‌ زیانپێگه‌یشتووه‌كان، هه‌روه‌ها سه‌ره‌خۆشی‌ له‌هه‌ردوو په‌رله‌مانتار عادل ره‌شاش وعه‌واد عه‌وادی كرد به‌بۆنه‌ی‌ كۆچی‌ دوایی دایكی به‌ڕێزیان.

هه‌روه‌ها شێخ حه‌مودی‌ به‌ناوی‌ ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌گه‌لی‌ عیراق كرد بۆ ئه‌و ره‌فتاره‌ جوانانه‌ی له‌میوانداریكردنی‌ سه‌ردانیكه‌رانی‌ چله‌ی‌ ماته‌مینی‌ ئیمامی‌ حوسه‌ین (ر.خ) وسوپاسی ده‌زگاكانی‌ ئاسایش و وه‌زاره‌ت وپارێزگاكانی‌ په‌یوه‌ندیدار كرد بۆ رۆڵی‌ بێ وێنه‌یان له‌ سه‌رخستنی‌ زیاره‌ی‌ چله‌ی‌ كه‌ربه‌لا و داوای له‌ حكومه‌ت كرد لیژنه‌یه‌كی‌ باڵا پێكبێنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ بابه‌تی‌ له‌خۆگرتنی‌ میوانه‌كان له‌ داهاتوودا.

دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ریكه‌وتنامه‌ی‌ هاندان و پاراستنی‌ هاوبه‌ش بۆ وه‌به‌رهێنان له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی‌ عیراق و كۆماری‌ ئیسلامی ئێران كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌و ئابوری‌ و وه‌به‌رهێنانی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ دووه‌م بۆ یاسای بانقی‌ ناوه‌ندی عیراقی كه‌ به‌فه‌رمانی‌ ژماره‌ (56)ی‌ ساڵی‌ 2004 له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی‌ كاتی‌ هاوپه‌یمانانه‌وه‌ ده‌ركرابوو وله‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ دارایی وئابوری‌ و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.

دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ یاسای په‌سه‌ندكردنی‌ رێكه‌وتنامه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ شه‌فافیه‌ت له‌ ناوبژیوانیكردنی رێكه‌وتن له‌نێوان وه‌به‌رهێنه‌ران و وڵاتاندا كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتایهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پێشنیاری‌ هه‌مواركردنی‌ یه‌كه‌م بۆ یاسای موختاره‌كان ژماره‌ (13)ی ساڵی‌ 2011 وله‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتایهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ یاسای‌ هه‌مواركردنی‌ شه‌شه‌م بۆ یاسای جێبه‌جێكردنی‌ ژماره‌ (45)ی‌ ساڵی‌ 1980 كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.

دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پێشنیاری‌ یاسای ده‌سته‌ی‌ نشتیمانی‌ بۆ پاراستنی‌ پێكه‌وه‌ژیانی‌ ئاشتیانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ ئه‌وقاف و كاروباری‌ ئاینی‌ و یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.

هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتایهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌و تاوتوێكردنی‌ پرۆژه‌ یاسای بابل پایته‌ختی‌ شارستانی‌ عیراق كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی‌ رۆشنبیری‌ و راگه‌یاندن و گه‌شتوگوزارو شوێنه‌واره‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.

له‌كۆتاییدا دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ پێنج شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 16/11/2017 هه‌ڵگیرا.

فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق

14/11/2017


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com