جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ باڵیۆزی‌ توركیا: هاوكارییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ توركیا بۆ لێقه‌وماوانی‌ بۆمه‌له‌رزه‌كه‌ په‌یامێكی‌ دۆستانه‌یه‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق ئارام شێخ محه‌مه‌د، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، له‌ شاری‌ به‌غدا پێشوازی له‌ باڵیۆزی‌ توركیا له‌عیراق فاتیح یه‌ڵدز كرد.

له‌ دیدارێكدا جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند: جگه‌ له‌ پێكه‌وه‌ ژیان و سه‌روه‌ركردنی‌ زمانی‌ دیالۆگ و لێكگه‌یشتن هیچ بژارده‌یه‌كی‌ ترمان له‌ به‌رده‌ستدانیه‌، وتیشی‌: گه‌یشتن به‌ سه‌قامگیری‌ چه‌ند دورو و درێژخایه‌ن بێت په‌سه‌ندتره‌ لامان له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن و توندوتیژی‌ كه‌ جگه‌ له‌ ماڵوێرانی‌ و نائومێدكردنی‌ خه‌ڵك شتێكی‌ ترمان لێنه‌چنیوه‌ته‌وه‌.

ئارام شێخ محه‌مه‌د ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد:”گه‌یاندنی‌ هاوكارییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ توركیا بۆ لێقه‌وماوانی‌ بۆمه‌له‌رزه‌كه‌ په‌یامێكی‌ دۆستانه‌یه‌و چاوه‌ڕوانی‌ زیاترمان هه‌یه‌ له‌م قۆناغه‌ گرنگ و چاره‌نوسازه‌دا ئه‌نكه‌ره‌ ڕۆڵێكی‌ ئه‌رێنی‌ بگێڕێت له‌قوڵكردنه‌وه‌ی‌ برایه‌تی‌ و سه‌رخستنی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ سه‌قامگیری‌ و لێكگه‌یشتن و به‌تایبه‌تیش چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا و تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ی‌ به‌رۆكی‌ گرتوین” ڕاشیگه‌یاند:” دانوستان به‌تاكه‌ ڕێگای‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان ده‌زانین و له‌وپێناوه‌شدا پێویستمان به‌هه‌مو هه‌وڵێكی‌ دۆستانه‌ هه‌یه‌”‌.

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ قسه‌كانیدا ئارام شێخ محەمه‌د جارێكی‌ تر داوای‌ له‌باڵیۆزی‌ توركیا كرد هه‌وڵه‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئازادكردنی‌ هه‌مو ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و عیراق كه‌ به‌نیازبون به‌ره‌و ئه‌وروپا كۆچبكه‌ن و تائێستا له‌ زیندانه‌كانی‌ توركیا ڕاگیراون.

له‌به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی‌ توركیا ڕایگه‌یاند: نیگه‌رانن به‌ قوڵبونه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم و به‌غداو ته‌واوی‌ هه‌وڵه‌كانیشیان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ كۆتایهێنان به‌و دۆخه‌، ته‌ئكیدیشی‌ كرد ئاشتی‌ و سه‌قامگیری‌ له‌ عێراق بۆ توركیا پرسێكی‌ زۆر گرنگه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش هه‌رچی‌ له‌ توانایاندابێت درێغی‌ ناكه‌ن، به‌ڵێنیشیدا به‌دواداچون بۆ پرسی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ بكات كه‌تائێستا له‌ توركیا زیندانیكراون.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com