جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران تاوتوێی‌ پێشهاته‌كانی‌ بارودۆخه‌كه‌و سه‌قامگیری‌ له‌ تۆزخورماتوو وگه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ ئاسایی بۆ قه‌زاكه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ ناوخۆ ده‌كات

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ڕێز ئارام شێخ محه‌مه‌د ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 16/1/2018 له‌شاری‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ قاسم ئه‌عره‌جی‌، وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ عیراق كۆبۆوه‌.
له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ستایشی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ كرد بۆ گێرانه‌وه‌ی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری‌ بۆ قه‌زای‌ تۆزخورماتو و ڕایگه‌یاند: هه‌وڵه‌كانتان جۆرێك له‌ دڵنیایی‌ بۆ خه‌ڵكی‌ قه‌زاكه‌ دروستكردوه‌ و له‌نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌كانی‌ قه‌زاكه‌ له‌ په‌یوه‌ندیدام و پێیانڕاگه‌یاندوم كه‌ سه‌رقاڵی‌ ڕێكخستنی‌ ناوی‌ ئاواره‌كانن بۆ گێڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر زێدی‌ خۆیان، هه‌ر له‌م ته‌وه‌ره‌دا بڕیاردرا دیدار و كۆبونه‌وه‌كانی‌ نێوانیان تاچاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان به‌رده‌وامبێت.
له‌به‌شێكی‌ تری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئارام شێخ محه‌مه‌د ڕۆشنایی‌ خسته‌ سه‌ر گرنگی‌ په‌له‌كردن له‌كردنه‌وه‌ی‌ فرۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ و ته‌ئكیدی‌ كرد درێژه‌كێشانی‌ داخستنی‌ فرۆكه‌خانه‌كان بارگرانیه‌كی‌ زۆری‌ بۆ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دروستكردوه‌ و به‌گرنگی‌ ده‌زانین ته‌واوی‌ هه‌وڵه‌كانتان بخه‌نه‌گه‌ڕ، لای‌ خۆیه‌وه‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ عیراق ڕایگه‌یاند: كردنه‌وه‌ی‌ فرۆكه‌خانه‌كان هیچ كێشه‌یه‌كی‌ له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌و ئه‌مڕۆ له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ئه‌و پرسه‌ تاوتوێده‌كرێت و ئومێد ده‌كه‌ین به‌مزوانه‌ ئه‌و كێشه‌ چاره‌سه‌ربكرێت.
هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران باسی‌ له‌كێشه‌ی‌ فه‌رمانگه‌كانی‌ سه‌ربه‌وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ كرد له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ دیارترینیان دواكه‌وتنی‌ موچه‌كانیانه‌، له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زیری‌ ناوخۆ وتی‌: فه‌رمانی‌ كردوه‌ به‌خه‌رجكردنی‌ موچه‌كانیان و به‌دواداچونی‌ زیاتریش بۆ كێشه‌كانیان ده‌كات، ته‌ئكیدیشی‌ كرد ئه‌و لیژنه‌ هونه‌رییانه‌ی‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا پێكهێنراوه‌ هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ ته‌واوی‌ كێشه‌كان ده‌دات.
هاوكات ته‌قینه‌وه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ شاری‌ به‌غدا خرایه‌ به‌رباس و له‌چوارچێوه‌دا وه‌زیری‌ ناوخۆ پلان و هه‌نگاوه‌كانی‌ وه‌زراه‌ته‌كه‌ی‌ بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ كرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌كان خسته‌ڕو، له‌به‌رامبه‌ردا ئارام شێخ محه‌مه‌د وێڕای‌ ده‌ستخۆشی‌، هیوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ بۆ خواستن له‌پاراستنی‌ ئه‌من و ئاسایشی‌ هاوڵاتیان.

نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق
16/1/2016


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com