ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دانیشتنێك ده‌به‌ستێت بۆ دیاریكردنی‌ واده‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 18/1/2018 له‌ پێنجه‌مین دانیشتنی‌ ئاسایی وه‌رزی‌ دووه‌می‌ یاسادانانی‌ ساڵی‌ چواره‌می‌ یاسادانانی‌ خۆیدا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن و ئاماده‌بوونی‌ 260 په‌رله‌مانتار، دانیشتنێكی‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ په‌رله‌مان به‌ست.
له‌سه‌ره‌تای‌ دانیشتنه‌كه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران سوپاسی خۆی‌ ئاراسته‌ی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مان كرد، بۆ كاركردنی‌ بێ ماندووبوونی‌ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ له‌پێناو ئاماده‌كردنی‌ ره‌شنووسی كۆتایی یاسای ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و داوای‌ له‌په‌رله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌كان كرد كه‌یسه‌ گرنگه‌كان وئه‌ركه‌كانیان به‌ته‌واوه‌تی‌ جێبه‌جێ بكه‌ن وله‌وانه‌ یاسای بودجه‌ی‌ گشتی‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، سه‌ره‌ڕای‌ ته‌واوكردنی‌ رێوشوێنی‌ لێپرسینه‌وه‌كان وكاره‌كانی‌ تری خۆیان.
دواتر ئه‌نجومه‌ن به‌ده‌نگی‌ زۆرینه‌ی‌ 149 په‌رله‌مانتار ڕازیبوو له‌سه‌ر داواكارییه‌ك كه‌ له‌لایه‌ن 148 په‌رله‌مانتار پێشكه‌شكراوبوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ نهێنی‌ له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجام بدرێت، وپاش ئه‌نجامدانی‌ ده‌نگدانی‌ نهێنی‌ له‌سه‌ر داواكاری‌ په‌رله‌مانی‌ تایبه‌ت به‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان، ته‌نها 123 په‌رله‌مانتار به‌به‌ڵێ‌ ده‌نگیاندا كه‌ ئه‌مه‌ش كه‌متره‌ له‌ڕێژه‌ی‌ نیسابی یاسایی كه‌ ده‌كاته‌ نێوه‌ زیاد یه‌ك له‌كۆی‌ ده‌نگه‌كانی‌ په‌رله‌مان.
دواتر سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران رایگه‌یاند كه‌ له‌ دانیشتنی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ داهاتوودا ده‌نگدانی‌ ئاشكرا له‌سه‌ر نووسراوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران ده‌كرێت، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ رۆژی‌ 12/5/2018 وه‌كو واده‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان.
له‌كۆتاییدا دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 20/1/2018 هه‌ڵگیرا.

فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
18/1/2018


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com