جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران داوا له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات بڕیاری سزادانی‌ دژ به‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كورد بكشێنێته‌وه‌ 

ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دكتؤر سه‌لیم جبوری به‌پێی‌ فه‌رمانی ژماره‌ (14)ی‌ په‌رله‌مان له‌ 7/2/2018 فه‌رمانی سزادانی هه‌ریه‌ك له‌ په‌رله‌مانتاران (مه‌سعود حه‌یده‌ر رۆسته‌م، سیروان عه‌بدوڵا ئیسماعیل، شاخه‌وان عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د)ی‌ ده‌ركرد به‌ سڕینه‌وه‌ی‌ قسه‌كانیان له‌ دانیشتنی ژماره‌ (11) له‌ 5/2/2018 و بڕینی پاره‌و هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتیان بۆ ماوه‌ی‌ 15 رۆژ، له‌گه‌ڵ ئاراسته‌كردنیان بۆ لیژنه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی ره‌فتاری په‌رله‌مانی به‌ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌رپێچیه‌كان و سه‌پاندنی ئه‌و سزایانه‌ی‌ كه‌ ده‌گاته‌ ئاستى سه‌ندنه‌وه‌ی‌ ئه‌ندامێتی لێییان.

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران داوا له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ده‌كات چاوبخشێنێته‌وه‌ به‌و بڕیاره‌و سه‌رجه‌م ئه‌و سزایانه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه‌ ده‌ركراوه‌، چونكه‌ په‌یڕه‌وی‌ ناوخۆی په‌رله‌مان له‌ ماده‌كانی‌ (١٣٩) و (١٤٠) به‌ راشكاوی باسی‌ له‌ هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتی‌ هه‌ر ئه‌ندامێكی نه‌كردوه‌ ئه‌گه‌ر له‌ناو دانیشتندا پێچه‌وانه‌ی‌ په‌یڕه‌و مامه‌ڵه‌ی‌ كرد جگه‌ له‌ ئاراسته‌كردنی ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتار و هۆشداری پێدانی به‌بێ باسكردنی هه‌ر رێوشوێنێكی تری یاسایی، زیادكردنی ماوه‌ی‌ بێبه‌شكردنی په‌رله‌مانتاریش له‌ دانیشتنه‌كان پێویسته‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه‌ بڕیاری لێبدرێت نه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن یان ئه‌و كه‌سه‌ی‌ له‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تيدا سه‌رۆكایه‌تی دانیشتن ده‌كات، ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ كه‌ رویدا له‌و دانیشتنه‌دا هیچ لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ دروست نه‌كراوه‌و هیچ راسپارده‌یه‌ك به‌رز نه‌كراوه‌ته‌وه‌، دواتریش ئه‌و راسپاردانه‌ پێویستیان به‌ ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌ن ده‌بێت، به‌بۆچونی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ئاماژه‌دان به‌ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ مافی ئه‌ندامێتی نایاساییه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆ و له‌ نوسراوی ره‌فتاری‌ په‌رله‌مانتاریدا باسی‌ ئه‌وه‌ی‌ تێدا نه‌كراوه‌، راپێچكردنی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ش بۆ لیژنه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بنه‌ماكانی ره‌فتاری‌ په‌رله‌مانی‌ سته‌مێكی دیارو زیاده‌ڕه‌وی تێداكراوه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ته‌مبێكردن كه‌ دراوه‌ به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و له‌ بڕگه‌ی‌ سێی‌ نوسراوی ره‌فتاری‌ په‌رله‌مانتاری و ئه‌وه‌ی‌ له‌ماده‌كانی‌ 139 و 140ی‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆدا هاتوه‌ بریتین له‌:
ا- دوای ئاگاداركردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتار له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌وه‌و به‌پێی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی‌ په‌رله‌ماندا هاتوه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن ده‌توانێت بۆ یه‌ك رۆژ یان بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ شه‌ش رۆژ تێنه‌په‌ڕێت مافی ئه‌ندامێتی هه‌ڵبسپێرێت.
ب- په‌رله‌مانتاری‌ په‌یوه‌ندیدار ته‌نها ده‌توانێت داوای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی دانیشتن و لیژنه‌ی‌ بنه‌ماكانی ره‌فتاری په‌رله‌مانی پێشكه‌ش بكات دوای‌ چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ له‌ هۆڵی دانیشتن.
ج- ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ كه‌ ئه‌ندامێتی هه‌ڵپه‌سێردراوه‌ به‌هۆی‌ سه‌رپێچی له‌ بنه‌ماكانی‌ ره‌فتار، به‌پێی‌ بڕیاری لیژنه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی بنه‌ماكانی ره‌فتاری په‌رله‌مانی غه‌رامه‌ ده‌كرێت.
وه‌ك تێبینی ده‌كرێت له‌نێوان ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌دا بابه‌تی سه‌ندنه‌وه‌ی‌ مافی ئه‌ندامێتی یان هه‌ڵپه‌ساردنی ئه‌ندامێتی زیاتر له‌ شه‌ش رۆژ بونی نیه‌ و دواتریش ئه‌و سزایانه‌ ده‌رهه‌ق به‌و سێ په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌ركراون زیاده‌ڕه‌ویان تێداكراوه‌و هیچ ده‌قێك له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ و نوسراوی ره‌فتاری په‌رله‌مانتاری پشتیوانی ئه‌م سزایانه‌ ناكات، ئه‌وه‌ش له‌ دانیشتنی ژماره‌ (11) له‌ رۆژی‌ دوشه‌ممه‌ی‌ رابوردو رویدا جگه‌ له‌ ده‌مه‌قاڵه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران و ئه‌وانه‌ی‌ ناكۆك بون له‌گه‌ڵیان له‌ سه‌ر راوبۆچون، هیچ شتێكی تر نه‌بو، ئه‌وه‌ش كاتێك رویدا خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م و ته‌نانه‌ت دوه‌میش بۆ یاسای بودجه‌ به‌بێ ته‌واوبونی رێژه‌ی‌ یاسایی خرایه‌ به‌رنامه‌ی‌ كاره‌وه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌درا كه‌ سه‌رنج و تێبینیه‌كانی كورد له‌سه‌ر یاسای بودجه‌ به‌ هه‌ند وه‌رناگیرێن.
بۆیه‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن داوا له‌ به‌ڕێز د.سه‌لیم جبوری ده‌كات بڕیاری ژماره‌ (14)ی‌ په‌رله‌مانی بكشێنێته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ مافی ئه‌ندامێتی له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا نییه‌، پێداگریش له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنی سزا دژ به‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كورد كاریگه‌ری‌ خراپی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چونی كاره‌كانی په‌رله‌مان له‌ دانیشتنه‌كانی داهاتو، بگره‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسیش ده‌بێت.

نوسینگه‌ی‌ رۆژنامه‌وانی جێگری

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عيراق
چوارشه‌ممه‌ 7/2/2018


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com