ئارام شێخ محمد دووپاتیده‌كاته‌وه‌: سوبوون له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ به‌بێ‌ ره‌چاوكردنی‌ مافه‌كانی‌ كورد په‌راوێزخستنێكی‌ ئاشكرایه‌ وپێشێلكردنه‌ بۆ رێكه‌وتنه‌كانی‌ لایه‌نه‌كانی‌ به‌شداربوو له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئارام شێخ محمد ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 1/3/2018 كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی‌ له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كاندا به‌ست، تێیدا ره‌خنه‌ی‌ گرت له‌ تێپه‌ڕاندنی‌ یاسای بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵی‌ 2018 له‌سه‌ر بنه‌مای‌ زۆرینه‌ی‌ ئاماده‌بووان وبه‌بێ‌ ره‌چاوكردنی‌ مافه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌بودجه‌دا بگره‌ له‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و ده‌رماله‌ی‌ دارایی پێشمه‌رگه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ 17% هه‌رێم.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ گووتی‌:” فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كان زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆككوه‌زیران و فراكسیۆنه‌ سیاسیه‌كانی‌ تردا به‌ست به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌و ناكۆكیه‌كان سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ناكاو زانیمان كه‌ یاسای بودجه‌ی‌ گشتی‌ له‌ناو خشته‌ی‌ كاره‌كاندا دانراوه‌ و پێویستبوو پێش ئه‌نجامدانی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر بودجه‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ ببه‌سترێت بۆ گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتنی‌ گونجاو بۆ هه‌موولایه‌ك”.
هه‌روه‌ها شێخ محمد دووپاتیكرده‌وه‌: سوبوون له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی‌ بودجه‌ی‌ گشتی‌ به‌بێ‌ ره‌چاوكردنی‌ مافه‌كانی‌ كورد په‌راوێزخستنێكی‌ ئاشكرایه‌ وپێشێلكردنه‌ بۆ رێكه‌وتنه‌كانی‌ لایه‌نه‌كانی‌ به‌شداربوو له‌پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا وكاریگه‌ری‌ خراپی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی و ژیانی هاوڵاتیان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت و داوای‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ ولایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد هه‌ڵوێستیان له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌بێت ورۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌و ناكۆكیه‌كان.

نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
پێنج شه‌ممه‌ 1/3/2018


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com