سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران گرنگی پاڵپشتیكردنی‌ عه‌ره‌بی ونێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌ رزگاركراوه‌كانی‌ عیراق له‌ تیرۆریستان به‌رزده‌نرخێنێت

له‌میانه‌ی‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئومه‌ی‌ كوه‌یتی
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران گرنگی پاڵپشتیكردنی‌ عه‌ره‌بی ونێوده‌وڵه‌تی‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌ رزگاركراوه‌كانی‌ عیراق له‌ تیرۆریستان به‌رزده‌نرخێنێت

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4/3/2018 چاوی‌ به‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئومه‌ی‌ كوه‌یتی به‌ڕێز مه‌رزوق عه‌لی‌ ئه‌لغانم كه‌وت.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ په‌یوه‌ندی دووقۆڵی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات و چۆنیه‌تی‌ به‌هێزكردنی‌ بۆ خزمه‌تكردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولاو دوایین پێشهاته‌كانی‌ گۆڕه‌پانی ناوخۆ و هه‌رێمی كرا، هه‌روه‌ها تاوتوێی‌ دۆسیه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان له‌ تیرۆریستان و میكانیزمی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ كۆنگره‌ی‌ وڵاتانی‌ به‌خشێنه‌ر كه‌ مانگی‌ رابردوو له‌كوه‌یتی به‌سترا كرا.
هه‌روه‌ها جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق له‌ڕێگه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش وله‌هه‌موو ئاسته‌كاندا، كارده‌كات بۆ به‌هێزكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی وهه‌رێمیدا وگووتی:” پێویسته‌ له‌ قۆناغی داهاتوودا روبه‌ڕوی‌ ئه‌وانه‌ ببینه‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت سه‌قامگیری وئاسایشی ناوچه‌كه‌ تێك بده‌ن و گفتوگۆ باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ هه‌موو كێشه‌و ناكۆكیه‌كان”.
سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران جه‌ختی‌ له‌سه‌ر گرنگی پاڵپشتی عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی‌ كرده‌وه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌ رزگاركراوه‌كان له‌تیرۆریستان ودووپاتیكرده‌وه‌:” كۆنگره‌ی‌ وڵاتانی‌ به‌خشێنه‌ر له‌وڵاتی‌ كوه‌یت سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ژیان بۆ شاره‌ وێرانبووه‌كان، به‌جۆرێك كه‌ رێگه‌ خۆش بكات بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی‌ خۆیان” ، هه‌روه‌ها جبوری‌ رۆڵی‌ وڵاتی‌ كوه‌یتی‌ له‌ پاڵپشتیكردنی‌ عیراق له‌هه‌موو بواره‌كاندا به‌رزنرخاند.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ئه‌لغانم پاڵپشتی حكومه‌تی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ عیراق له‌دۆسیه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌ رزگاركراوه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كان بۆ زێدی‌ خۆیان دووپاتكرده‌وه‌ و رۆڵی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ سه‌قامگیری له‌ڕێگه‌ی‌ چه‌سپاندنی چه‌مكی‌ هاوڵاتیبوون ودیموكراتیه‌تدا به‌رزنرخاند.
نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
4/3/2018


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com