ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌نگ له‌سه‌ر چوارده‌ یاساو بڕیار ده‌دات

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 5/3/2018 له‌چوارده‌مین دانیشتنی‌ ئاسایی خۆیدا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن و ئاماده‌بوونی‌ 220 په‌رله‌مانتار، ده‌نگیدا له‌سه‌ر هه‌شت یاساو شه‌ش بڕیار و كۆتایی به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ پێشنیاری‌ یاسایه‌ك هێنا.
له‌سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر پێشنیاری‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ یه‌كه‌م بۆ یاسای‌ موختاره‌كان ژماره‌ 13 ی ساڵی‌ 2011 كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگدانی‌ له‌سه‌ر پێشنیاری‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ یه‌كه‌م بۆ یاسای ده‌زگای‌ قه‌لاچۆكردنی‌ تیرۆر ژماره‌ 31 ساڵی‌ 2016 كه‌له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ ئاسایش و به‌رگرییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو ته‌واوكرد.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن كۆتاییهێنا به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ نشتیمانی‌ عیراقی كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ نه‌وت و وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ تایبه‌ت به‌ راستكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ناو بودجه‌ی‌ گشتیدا سه‌باره‌ت به‌ته‌رخانكردنی‌ 3 ترلیۆن دینار له‌جیاتی 2 ترلیۆن دینار له‌چوارچێوه‌ی‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و حه‌شدی‌ شه‌عبیش ده‌گرێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كه‌ تێیدا هاتووه‌ ده‌بێت وه‌زیری‌ دارایی هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری‌ پلاندانان بكات بۆ جێبه‌جێكردنی‌ راسپارده‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ئاسانكاریكردن بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بودجه‌و رێنماییه‌كانی‌ خه‌رجكردنی‌ پاره‌ی‌ ئاماژه‌پێكراو به‌جۆرێك كه‌ ره‌چاوی‌ خاڵه‌كانی‌ سه‌ره‌وه‌ بكات وهه‌موو ئاواره‌كان لێی سوودمه‌ند بن.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر پێشنیاری‌ یاسای پاراستنی‌ مامۆستاو سه‌رپه‌رشتیارو مورشیده‌كانی‌ په‌روه‌رده‌یی.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك جبوری‌ پیرۆزبایی له‌ مامۆستایان كرد بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و یاسایه‌ وئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ وه‌كو رێزلێنان له‌ رۆڵ و كاری‌ پیرۆزی‌ ئه‌وانی‌ له‌قه‌ڵه‌مدا ورایگه‌یاند كه‌ یاساكه‌ به‌شێكی‌ بچووكه‌ له‌پاڵپشتیكردنی‌ ئه‌و توێژه‌ و ئه‌وان شایسته‌ی‌ خزمه‌ت و پاڵپشتیكردنی‌ زیاترن.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی‌ پروگرامی‌ خوێندنی‌ سه‌ره‌تایی‌ خاوه‌ن پێداویستیه‌ تایبه‌تیه‌كان یان كه‌مكردنه‌وه‌یان بۆ نیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئاستی‌ تواناكانیاندا بگونجێت.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر پێشنیاری‌ یاسای بابل پایته‌ختی‌ شارستانی عیراق.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر پێشنیاری‌ یاسای سامه‌ڕا پایته‌ختی‌ رۆشنبیری‌ ئیسلامی كه‌له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌ی‌ گه‌شتوگوزارو شوێنه‌وارو یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر پێشنیاری‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ دووه‌م بۆ یاسای ژماره‌ 5ی‌ ساڵی‌ 2009 تایبه‌ت به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ زیانپێگه‌یشتووان ئه‌وانه‌ی‌ به‌هۆی‌ كرده‌وه‌كانی‌ رژێمی‌ پێشوو ئه‌ندامێكی‌ له‌شیان له‌ده‌ستداوه‌و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ شه‌هیدان و قوربانیان و زیندانیانی‌ سیاسیه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ بۆ پابه‌ندكردنی‌ حكومه‌ت به‌ دابینكردنی‌ گرێبه‌ستی‌ كارپێكردن بۆ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و تایبه‌ت بكرێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ پێش ساڵی‌ 2015 له‌كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كاریان كردووه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ تایبه‌ت به‌كه‌یسی به‌قاچاغ بردنی‌ نه‌وت وداهاتی‌ دارایی له‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ كه‌ركوك، تێیدا بانقی‌ ناوه‌ندی راسپێردراوه‌ بۆ زانینی ناوی‌ بانق و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ داهاته‌كه‌ به‌ناویانه‌وه‌ دانراوه‌، سه‌ره‌ڕای‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ لیژنه‌كانی‌ نه‌وت و وزه‌ وده‌ستپاكی‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ماوه‌ی‌ مانگێكدا راپۆرته‌كه‌ی‌ پێشكه‌ش بكات.
دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایهێنا به‌ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیاری‌ یاسای ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و پێكهاته‌كانی‌.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن رایگه‌یاند كه‌ په‌رله‌مانتار كازم سه‌یادی ره‌تیكرده‌وه‌ لێدوانی‌ بۆ ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندن دابێت سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ تایبه‌ت به‌ پابه‌ندكردنی‌ زانكۆ و كۆلیژه‌ حكومیه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی‌ بڕیاری گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و قوتابیانه‌ی‌ كه‌ ته‌رقین قه‌ید كراون بۆ كورسیه‌كانی‌ خوێندن ئه‌گه‌ر هاتوو به‌ڵگه‌ی كاركردنیان له‌ریزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی و هۆزه‌كاندا پێشكه‌شكرد كه‌پێویسته‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی یان نوێنه‌رێكی‌ ئیمزاكرابێت.
دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ راپۆرتێك و تاوتوێی‌ پێشنیاری‌ یاسای فرۆشتن و به‌كرێدانی‌ خانووه‌ هه‌ڕه‌مه‌كیه‌كان به‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ تێیدا دانیشتوون.
له‌كۆتاییدا بڕیاردرا رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو 13/3/2018 درێژه‌ به‌دانیشتنه‌كه‌ بدرێت.
فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
5/3/2018


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com