جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگروه‌كان سەبارەت بە كێشه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌رێم و موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران کۆبونەوە

ئارام شێخ محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان پرسی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی‌ و هه‌رێم و موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و ئایینده‌ی‌ سیاسی تاوتوێده‌كات.

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ڕێز ئارام شێخ محه‌مه‌د ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14/3/2018 له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگروه‌كان له‌عیراق به‌ڕێز یان كۆپیچ كۆبۆوه‌.

له‌سه‌ره‌تای‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا یان كۆبیچ سوپاسی هه‌وڵه‌كانی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كرد بۆ لێكنزیكبونه‌وه‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كان به‌ ئاراسته‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران و لێكتێگه‌یشتنی ئابوری‌ و دارایی و باشكردنی گوزه‌رانی هاوڵاتیان و جوڵه‌ی بازاڕ و چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، به‌تایبه‌ت پارێزگای‌ كه‌ركوك و ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ دۆخی قه‌زای‌ دوزخورماتو.

نوێنه‌ری‌ تایبه‌تی‌ سكرتێری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگروه‌كان له‌عێراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رده‌وام سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراقیان هانداوه‌ بۆ لابردنی‌ هه‌مو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی‌ دێنه‌ به‌رده‌م چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان و خۆشحاڵی‌ خۆشی‌ ده‌ربڕی‌ به‌لێكنزیبونه‌وه‌ی‌ هه‌رێم و به‌غدا، له‌باره‌ی‌ به‌ڕێوه‌چونی‌ هه‌ڵبژاردنیشه‌وه‌ كۆپیچ ڕایگه‌یاند:” له‌پێناو به‌ڕێوه‌چونی‌ پرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ركه‌وتو ئاماده‌ی‌ هه‌موكارییه‌كین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان له‌په‌یوه‌ندی‌ به‌رده‌وامداین”.

له‌ به‌رامبه‌ردا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژه‌ی‌ به‌گرنگی‌ بڕیاری‌ كردنه‌وه‌ی‌ فرۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ كرد و به‌په‌یامێكی‌ ئیجابی‌ له‌قه‌ڵه‌مدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ تری‌ نێوان هه‌رێم و به‌غداو له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه‌ ناردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران كه‌ ڕاسته‌وخۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر باشبونی‌ دۆخی‌ ئابوری‌ خه‌ڵك و جوڵه‌ی‌ بازاڕ، له‌و میانه‌شدا ستایشی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ نوێنه‌ری‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانی‌ كرد كه‌ به‌رده‌وام هاوكار و پشتیوانیان بوه‌ بۆ نزیككردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان به‌گشتی‌ و هه‌رێم و به‌غدا به‌تایبه‌تی‌.

ته‌وه‌رێكی‌ تری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ پرسی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئاینده‌ی‌ عیراق و له‌وچوارچێوه‌یه‌دا هه‌ردولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستی‌ ڕه‌خساندنی‌ كه‌شێكی‌ ئازاد و هێمن كرده‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان تا بتوانن ئیراده‌ی‌ خۆیان به‌رجه‌سته‌بكه‌ن.

نوسینگه‌ی‌ ڕۆژنامه‌وانی‌

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران

14/3/2018


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com