سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌شاری‌ قاهیره‌ چاوی‌ به‌سه‌رۆكی‌ میسر ده‌كه‌وێت

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3/4/2018 له‌شاری‌ قاهیره‌، به‌ئاماده‌بوونی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ میسری‌ به‌ڕێز عه‌لی‌ عه‌بدولعال و باڵیۆزی‌ عیراق له‌میسر به‌ڕێز حه‌بیب سه‌در وژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق، چاوی‌ به‌ سه‌رۆكی‌ میسر عه‌بدولفه‌تاح سیسی كه‌وت.
سه‌ره‌تا سه‌رۆك جبوری‌ پیرۆزبایی له‌ سیسی كرد به‌بۆنه‌ی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا وهیوای سه‌ركه‌وتنی‌ بۆ حكومه‌ت و گه‌لی‌ میسر خواست.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ په‌یوه‌ندی دووقۆڵی‌ نێوان عیراق و میسر كراو جه‌خت له‌سه‌ر به‌هێزكردنی‌ هه‌ماهه‌نگی وهاوكاری هاوبه‌ش كرایه‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌ دۆسیه‌كانی‌ قه‌لاچۆكردنی‌ تیرۆر وه‌به‌رهێنان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا، هه‌روه‌ها تاوتوێی‌ دیارترین ئالنگارییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ و نێوده‌وڵه‌تی كرا.
جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق هه‌نگاو ده‌نێته‌ ناو قۆناغێكی‌ گرنگدا كه‌ پێویستی‌ به‌هاوكاری‌ وهه‌ماهه‌نگی‌ عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌دۆسیه‌ی‌ قه‌لاچۆكردنی‌ تیرۆر و رێكخستنه‌كانی‌ چه‌كداری‌ وروبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ ئالنگارییه‌كانی‌ به‌رده‌م ناوچه‌كه‌و نه‌هێشتنی‌ به‌ربه‌سته‌كان له‌رێگه‌ی‌ گفتوگۆیه‌كی‌ بنیاتنه‌ر كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مولایه‌ك ده‌پارێزێت به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ زیان به‌ئاسایش و سه‌روه‌ری‌ وڵاتان بگه‌ێنێت.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ گوتی:” هیواخوازین میسر رۆڵی‌ هه‌بێت له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌ رزگاركراوه‌كانی‌ عیراق له‌تیرۆر، هه‌روه‌ها رۆڵی‌ له‌ دۆسیه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان وبواری‌ ئابوریدا هه‌بێت بۆ خزمه‌تكردنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو گه‌لی‌ عیراق و میسر”، هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ رۆڵی‌ حكومه‌ت و گه‌لی‌ میسر له‌پاڵپشتیكردنی‌ سه‌قامگیری‌ و ئارامی‌ ویه‌كپارچه‌یی خاكی‌ عیراقی‌ به‌رزنرخاند.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ میسر جه‌ختی‌ له‌سه‌ر پاڵپشتیكردنی‌ میسر بۆ عیراق له‌هه‌موو بواره‌كاندا به‌تایبه‌تی‌ بواری‌ ئاسایش و ئابوریدا كرده‌وه‌.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com