ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌دات

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28/5/2018 به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن و ئاماده‌بونی‌ 168په‌رله‌مانتار ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێك سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن.
له‌سه‌ره‌تای‌ دانیشتنی‌ ئاڵوگۆڕكردنه‌وه‌ كه‌ دواتر بوو به‌ دانیشتنێكی‌ نائاسایی پاش ته‌واوبونی‌ نیسابی یاسایی، سه‌رۆك جبوری‌ دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌و دانیشتنه‌ی‌ به‌ستووه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ڵه‌كان و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ به‌ڵگه‌ی‌ حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌سه‌رجه‌می‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ گومان ده‌خاته‌ ئه‌نجامه‌كان به‌تایبه‌تی‌ له‌كاتی ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت و مه‌رجدار و ده‌ره‌وه‌دا و رونیكرده‌وه‌ كه‌ گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ ئه‌لیكترۆنی به‌پێچه‌وانه‌ی‌ خواستی‌ ده‌نگده‌ران كارێكی‌ زۆر مه‌ترسیداره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سه‌رپێچیه‌كان له‌به‌رچاوی‌ چاودێراندا ئه‌نجامدراون وئه‌وه‌ش ناوبانگی پرۆسه‌ی‌ سیاسی ده‌خاته‌ به‌ر شه‌رمه‌زارییه‌كی‌ گه‌وره‌وه‌ له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و واپێویستده‌كات هه‌ڵه‌كان راست بكرێنه‌وه‌.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك جبوری‌ داوای‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ و داواكاری‌ گشتی‌ و ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ كرد پارێزگاری‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراسی بكه‌ن و داوایكرد هه‌مولایه‌ك به‌رپسیارێكی‌ یاسایی بگرنه‌ئه‌ستۆ و رایگه‌یاند كه‌ به‌شداری‌ نه‌كردن له‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان په‌یامێكی‌ ئاشكرایه‌ له‌لایه‌ن گه‌لی‌ عیراقه‌وه‌ بۆ سیاسه‌تمه‌داران و سوپاسی په‌رله‌مانتاره‌ به‌ڕێزه‌كانی‌ كرد به‌تایبه‌تی‌ سه‌ركه‌وتوه‌كان له‌هه‌ڵبژاردندا وئه‌و به‌ڕێزانه‌ی‌ كه‌ خۆیان نه‌پاڵاوتبو له‌وانه‌ به‌ڕێز جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ئارام شێخ محمد بۆ ئاماده‌بونیان له‌ دانیشتنه‌كه‌دا.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ئارام شێخ محمد رونیكرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌و سه‌رپێچیه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌رێگه‌ی‌ پێشكه‌شكردنی‌ تانه‌ی‌ یاسایی ده‌بێت و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كاركردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران تا رۆژی‌ 1 مانگی‌ ته‌مموز به‌رده‌وام ده‌بێت و رونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران یاسای كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ده‌ركردوه‌ و له‌ده‌سه‌ڵاتیدایه‌ ستافی كۆمسیۆن رابگرێت و دوربخاته‌وه‌ هه‌روه‌ها یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان شێوازی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراتی داده‌ڕێژێت.
دواتر په‌رله‌مانتار حه‌سه‌ن تۆران دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی و لیژنه‌ی‌ په‌رله‌مانی تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌باره‌ت هه‌ڵبژاردنه‌كان پێیانوایه‌ كه‌ سیستمی ئه‌لیكترۆنی‌ سه‌رپێچی‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ ده‌نگده‌ر ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ده‌توانێت ئاراسته‌ی‌ ده‌نگدانی‌ ده‌نگده‌ر دیاری بكات.
دواتر ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو تێیدا داوا له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرێت هه‌مو رێكاره‌كان بگرنه‌به‌ر بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ متمانه‌ به‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كی‌ دادوه‌رانه‌و پاك له‌وانه‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌به‌ڵگه‌ی‌ سه‌لمێنه‌ر ته‌زویر تێیدا كراوه‌، هه‌روه‌ها ده‌نگدانی‌ مه‌رجدار له‌هه‌مو پارێزگاكان جگه‌ له‌ نه‌ینه‌وا ( وبزوتنه‌وه‌ی‌ دانیشتوان له‌ سه‌لاحه‌دین و وئه‌نبار) و پاراستنی‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان جگه‌ له‌ده‌نگه‌كانی‌ كه‌مینه‌كان كه‌ سیستمی كۆتا ده‌یانگرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌ژماركردنی‌ ده‌نگه‌كان به‌شێوه‌ی‌ ده‌ستی‌ بۆ 10% سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان له‌ بنكه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن وئه‌گه‌ر سه‌لمێندرا كه‌ جیاوازی‌ به‌رێژه‌ی‌ 25% له‌ ده‌نگه‌ هه‌ژماركراوه‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌و كاته‌ هه‌ژماركردنی‌ ده‌ستی‌ بۆ هه‌مو پارێزگاكان ده‌كرێت وپێویسته‌ وێنه‌ی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ و تیشكی‌ لاپه‌ڕه‌كانی‌ ده‌نگدان وئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌رێگه‌ی‌ مانگی‌ ده‌ستكرده‌وه‌ كه‌ نێردراوه‌ بۆ سێرڤه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ له‌ كۆمسیۆن (تێل سه‌نته‌ر) بدرێته‌ لایه‌نه‌كان، هه‌روه‌ها هه‌ژماركردنی‌ ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بۆ ئه‌و وێستَگانه‌ی‌ كه‌ (ئێس دی‌ رام) گۆڕاوه‌ته‌وه‌ له‌كه‌ركوك و ئه‌و وێستگانه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كانیان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ودڵنیابون له‌ به‌راوردكردنی زانیارییه‌كانی‌ ئه‌لیكترۆنی‌ له‌گه‌ڵ زانیاری‌ سندوقه‌كان.
هه‌ر له‌بڕیاره‌كه‌دا هاتوه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌ستی‌ هه‌بێت له‌ تێكدانی‌ دادپه‌روه‌ری‌ و ده‌ستپاكی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌درێته‌ دادگاو هه‌مو زانیارییه‌كانی ده‌درێته‌ داواكاری‌ گشتی‌ و ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی‌ و پێویسته‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ به‌پێی‌ یاسا ئه‌ركه‌كانی‌ خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی‌ و به‌رده‌وامبونی‌ لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ به‌كاره‌كانی‌ و په‌له‌كردن له‌پێشكه‌شكردنی‌ ئه‌نجامه‌كان بۆ په‌رله‌مان وپاڵپشتیكردنی‌ لیژنه‌ی‌ باڵا كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ پێكهێنراوه‌ وتایبه‌ته‌ به‌وردبینی به‌ڵگه‌نامه‌كان و روداوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن وهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و كه‌ركوك به‌هۆی‌ بوونی‌ سه‌رپێچی‌ گه‌وره‌و به‌ڵگه‌ی‌ دیار له‌سه‌ر ته‌زویركردن.
دواتر بڕیاردرا دانیشتنه‌كه‌ به‌كراوه‌ بمێنێته‌وه‌
فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق
28/5/2018


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com