سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دوپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مان كارده‌كات بۆ راستكردنه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن وپاراستنی ده‌نگی‌ ده‌نگده‌ران له‌فه‌وتان

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/6/2018 پێشوازی‌ له‌نوێنه‌ری‌ ئه‌مینداری‌ گشتی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌به‌غدا به‌ڕێز یان كۆبیتش كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ پێشهاته‌كانی‌ بارودۆخی‌ سیاسی و ره‌وشی‌ ئاسایشی وڵات و ئه‌نجامی‌ بڕیاره‌كانی‌ ئه‌و دواییه‌ی‌ په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌هه‌مواركردنی‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ داهاتو كراو به‌ڕێز جبوری‌ دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مان خوازیاره‌ وكاریش ده‌كات بۆ راستكردنه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن وپاراستنی ده‌نگی‌ ده‌نگده‌ران له‌فه‌وتان و گوتی:” لیژنه‌كانی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌پێی‌ یاسا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كانی‌ ئه‌و دواییه‌ ده‌كه‌ن وله‌چوارچێوه‌ی‌ ده‌ستوردا كه‌ هه‌مولایه‌ك پابه‌ند ده‌كات رێز له‌ ویست و ئیراده‌ی‌ گه‌ل بگرن”.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌مو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ تێڕوانینێكی‌ یه‌كگرتوو سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌ی‌ حكومه‌تی‌ داهاتو و گوتی كه‌ به‌رپسیارێتی‌ پاراستنی‌ ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ هه‌مولایه‌ك.
نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران
11/6/2018


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com