ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كۆتایی به‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پێشنیاری‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ چواره‌می‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان دێنێت

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ هه‌ینی 22/6/2018 به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن به‌رده‌وامی‌ به‌ دانیشتنی‌ نائاسایی خۆیدا و كۆتاییهێنا به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پێشنیاری‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ چواره‌م بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ژماره‌ 45ی‌ ساڵی‌ 2013.
له‌سه‌ره‌تای‌ دانیشتنه‌كه‌، سه‌رۆك جبوری‌ دوپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت له‌به‌ستنی‌ دانیشتنی‌ نائاسایی خۆی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ راستكردنه‌وه‌ی‌ رێڕه‌وی‌ دیموكراتی كه‌ به‌درێژایی ساڵانی‌ یاسادانانی‌ خۆیدا كاری‌ بۆ كردوه‌ و رونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌ن به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌واوكردنی‌ ئه‌ركه‌ ده‌ستورییه‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ چه‌سپاندنی مافه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی‌ مافه‌كان به‌پێی‌ رێوشوێنی‌ دیار كه‌ هه‌مو تۆمه‌ته‌كانی‌ روبه‌ڕوی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن بونه‌ته‌وه‌ی‌ ده‌بڕێت وكارده‌كات بۆ ئاشكراكردنی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ یارییان به‌ ئیراده‌ی‌ گه‌ل كردوه‌ و به‌پێی‌ یاسا لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت به‌بێ‌ ره‌چاوكردنی ناونیشان و پۆست و پله‌ی سیاسیان.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك جبوری‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ مه‌به‌ست له‌به‌ستنی‌ دانیشتنی‌ ئه‌مڕۆ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانانه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ هیچ قورسیه‌كی‌ دارایی بخاته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت وبه‌وپێیه‌ش ته‌مه‌نی‌ له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ جێبه‌جێكردندا هاوشێوه‌ ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆشایی یاسادانان دروست نه‌بێت و پارێزگاریش له‌ هاوسه‌نگی به‌ڕێوه‌چونی‌ وڵات بكرێت له‌سایه‌ی‌ رۆڵی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دادوه‌ری‌ له‌سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ژماردنه‌وه‌ی‌ ده‌نگه‌كان به‌پێی‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ سێیه‌م بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كه‌ دادگای‌ فێدرالی‌ په‌سه‌ندی كردووه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ په‌رله‌مانتار نیازی‌ معمار ئۆغلۆ بڕیارده‌ری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران رایگه‌یاند كه‌ داواكارییه‌ك له‌لایه‌ن 60 په‌رله‌مانتار ئیمزاكراوه‌ وئاراسته‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌ن كراوه‌ تێیدا پێشنیاری‌ یاسای به‌رده‌وامبونی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌كاره‌كانیدا تا واده‌ی‌ ته‌واوبونی‌ پرۆسه‌ی‌ ژماردنی ده‌ستی‌ پێشكه‌شكراوه‌.
دواتر ئه‌نجومه‌ن كۆتایهێنا به‌خوێندنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م بۆ پێشنیاری‌ یاسای هه‌مواركردنی‌ چواره‌م بۆ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ژماره‌ 45ی‌ ساڵی‌ 2013 كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكرابو.
دواتر بڕیاردرا رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ 24/6/2018 به‌رده‌وامی‌ به‌دانیشتنه‌كه‌ بدرێت.

فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی عیراق
22/6/2018


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com