ئارام شێخ محمد ووته‌یه‌ك له‌كۆنگره‌ی‌ بۆسنه‌و هیرسكدا پێشكه‌ش ده‌كات وداوا له‌ وڵاتانی‌ ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانی‌ ناتۆدا ده‌كات پاڵپشتی‌ زیاتری‌ عیراق بكه‌ن

له‌میانه‌ی‌ به‌شداری‌ شاندی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق له‌ كۆنگره‌ی‌ بۆسنه‌و هێرسكدا، ئه‌مڕۆ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ڕێز ئارام شێخ محمد ووته‌ی عیراقی‌ پێشكه‌شكرد، تێیدا گرنگترین دۆسیه‌ی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ لایه‌نی‌ مرۆڤی‌ وئاسایش وسیاسی وئاواره‌كان وشه‌ڕی‌ دژی‌ داعش پێشكه‌شكرد وداوای‌ له‌ وڵاتانی‌ ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانی‌ ناتۆدا كرد كه‌ پاڵپشتی‌ زیاتر له‌ڕووی‌ سه‌ربازی‌ ومرۆڤیه‌وه‌ بۆ عیراق پێشكه‌ش بكه‌ن.
له‌درێژه‌ی‌ ووته‌كه‌یدا سه‌رۆكی‌ شاندی‌ عیراق تیشكی‌ خسته‌ سه‌ر بارودۆخی‌ ئاواره‌كان وشه‌ڕی‌ ڕزگاركردن دژی‌ تیرۆریستانی‌ داعش وكێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان وحكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ له‌ به‌غدا به‌تایبه‌تی‌ كێشه‌ی‌ نه‌وت وناوچه‌ جێناكۆكان وسه‌قامگیری سیاسی‌ وهاوبه‌شی‌ له‌حوكمڕانیدا وچه‌ندین كێشه‌ هه‌ڵپه‌سیِردراوه‌كانی‌ تر.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌ كاره‌ساتی‌ ئێزیدییه‌كان كرد و گووتی‌ كه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 3 هه‌زار كچی‌ ئێزیدی له‌ده‌ستی‌ داعشدان وداوایكرد كار بكرێت بۆ رزگاركردنیان، سه‌ره‌ڕای‌ باسكردنی‌ كێشه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ وهه‌ڵی‌ په‌رله‌مان بۆ بنبڕكردنی‌ له‌رێگه‌ی‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسان وناسه‌قامگیری سیاسی‌ له‌وڵات وداوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كرد پاڵپشتی‌ زیاتری‌ عیراق بكه‌ن بۆ چه‌سپاندنی‌ سه‌قامگیری سیاسی‌ وئابوری‌ وئه‌منی‌ ودووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ وڵات.
له‌كۆتاییدا سه‌رۆكی‌ شاند داوای‌ له‌ په‌رله‌مانه‌كانی‌ وڵاتانی‌ ئه‌ندام له‌ ناتۆ كرد، هاوكاری‌ عیراق بكه‌ن له‌ قه‌لاچۆكردنی‌ گه‌نده‌ڵی‌ وتێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌و قۆناغه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌ مێژووی عیراقدا.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com