جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئارام شێخ محمد دوایین پێشهاته‌كانی‌ سه‌ر گۆڕه‌پانی‌ عیراقی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانی‌ نشتیمانیدا تاوتوێده‌كات

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران به‌ڕێز ئارام شێخ محمد، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌نووسینگه‌ی‌ فه‌رمی‌ خۆی‌ وبه‌ئاماده‌بوونی‌ به‌ڕێزان كاوه‌ محمد سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان وپه‌رله‌مانتار سروه‌ عه‌بدولواحید، پێشوازی‌ له‌ سه‌رۆكی‌ هاوپه‌یمانی‌ نشتیمانی‌ به‌ڕێز عه‌ممار حه‌كیم كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ دوایین پێشهاته‌كانی‌ بواری‌ ئاسایش وسیاسی‌ عیراق وپێشهاته‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ رزگاركردنی‌ ناوچه‌كانی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا كرا.
جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان جه‌ختی‌ له‌سه‌ر گرنگی‌ یه‌كڕیزی‌ ویه‌كده‌ستی‌ هه‌موولایه‌ك كرده‌وه‌ بۆ خۆ ئاماده‌كردن بۆ قۆناغی‌ دوای‌ داعش وچه‌سپاندنی‌ سه‌قامگیری‌ له‌ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان و پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ وهاوكاری‌ مرۆڤی‌ بۆ ئاواره‌كان، هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ به‌پێویستی‌ زانی‌ كه‌ چاره‌سه‌ری‌ یه‌كجاره‌كی‌ بۆ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ و هه‌رێمی‌ كوردستان بدۆزرێته‌وه‌.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز عه‌ممار حه‌كیم ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ هاوپه‌یمانی‌ نشتیمانی‌ خوازیاره‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ ودیداره‌كان له‌گه‌ڵ برا كورده‌كان له‌ به‌غدا و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رده‌وام بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان به‌غداو هه‌ولێر، هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ رونیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌نگاوی‌ جددی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ هاوپه‌یمانی‌ نشتیمانیدا هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌و دۆسیه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ وهه‌رێمی‌ كوردستان وكردنه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ، كه‌ له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانی‌ قۆناغی‌ داهاتوودا بگونجێت.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com